سەفین دزەیی: لە نیویۆرک پێیان گوتین ئامادەن هاوکاریی بەغدا و ئەنقەرە بکەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە نیویۆرک بە رووداوی راگەیاند، ئەمریکا گرنگی بە پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەدات و لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لایەنی ئەمریکی باسی هەناردەکردنەوەی نەوت کراوە، ئەمریکاش ئامادەیی دەربڕیوە لەو بوارەدا هاوکاریی بەغدا و ئەنقەرە بکات. دەشڵێت، سەردانی ئەم دواییە و پێشاندانی یەکڕیزیی لایەنەکانی هەرێمی کوردستان جێگەی دەستخۆشی و دڵخۆشیی هەمووان بوو. 
 
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ئەندامی شاندی عێراق، بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو بۆ کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک. یەکێک لە کۆبوونەوەکانی شاندەکە لە پەراوێزی کۆبوونەوەکە لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو.
 
سەفین دزەیی لەبارەی نێوەڕۆکی ئەو کۆبوونەوەیە دەڵێت، گۆتێرێز دەستخۆشیی خۆی دەربڕی و دەستخۆشی لە حکومەتی فیدراڵی کرد بۆ ئەو هەنگاوانەی کە ناویەتی بۆچارەسەرکردنی گرفتەکان، چ لە ئاستی هەرێمی و بگرە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداش کە "مایەی دڵخۆشی و دەستخۆشی بوو هەوڵ بدرێت بەو شێوە دیالۆگەی ئێستا هەیە، ئەو گرفتانەی کە ماون بە هەمان شێوە لەنێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێن."
 
سوودانی و شاندەکەی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و کۆشکی سپی کۆبوونەوە. لەبارەی ئەوەی چۆن وێنای کێشەی نێوان هەولێر و بەغدایان کردووە و ئەمریکا پێویستە چی بکات بۆ ئەوەی کە کێشەکە بە یەکجاری چارەسەر بێت؟ سەفین دزەیی رایگەیاند، "لەو دانیشتنانەدا بە هەمانشێوە دەستخۆشیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کرد کە سەردانی بەغدای کردووە بە یاوەریی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، خۆی لە خۆیدا ئەوە جێگەی دەستخۆشی و دڵخۆشیی هەموو لایەنەکان بوو کە یەکڕیزیی نێوماڵی کورد وا دەکات هەندێک لە گرفتەکان چارەسەر بن، بە هەمانشێوەش دەستخۆشیان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد کە لە هەفتەی رابردوودا تا رادەیەک بەشێک لەو گرفتانە بەتایبەتی لە بابەتی مووچە تا رادەیەک بە باشی چارەسەر بوون. بە ئومێدی ئەوەی کە یاسای بودجەش بە تەواوی جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستانیش لە شایستە داراییەکانی خۆی سوودمەند بێت."
 
لەبارەی دۆسیەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە کە لە کۆتاییەکانی مانگی ئادارەوە بەهۆی سکاڵای عێراق لە دادگەی نێوبژیوانیی پاریس راگیراوە، سەفین دزەیی رایگەیاند، "هەناردەکردنی نەوت هەرێمی کوردستان یەکێک لەو بابەتە گرنگانەیە کە ئیدارەی ئەمریکا بایەخی پێ دەدات و دیارە لە گشت کۆبوونەوەکان گفتوگۆی لەسەر کراوە و ئامادەیی خۆیان دەربڕی کە لە نێوان ئەنقەرە و بەغداش بتوانن هاوکار بن، بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەو گرفتەی کە لەنێوان ئەنقەرە و بەغدا هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە رێگەی تورکیا."
 
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەوەی هۆکاری هەناردەنەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان چییە؟ کێشەکە لەلایەن بەغدایە یان ئەنقەرە؟ گوتی، "با نەڵێین (خەتا)، بەڵام ئەرکەکە لەسەر شانی هەردوو لایەنە، هەر وەک دەزانن لە پاریس بڕیاری دادگەکە لە بەرژەوەندیی عێراق بوو و دەبێ تورکیا نزیکەی ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلار بداتە عێراق، لە رووی ماتماتیکییەوە ئەگەر تەماشا بکەیت، کاتێک کە عێراق هەوڵی وەرگرتنەوەی ئەو ملیار و 500 ملیۆن دۆلارە دەدات، بە راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە لە مانگی سێ تاوەکو ئێستا، واتا لە شەش مانگی رابردوو، نزیکەی شەش ملیار دۆلار زیان بە بودجەی گشتیی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشتووە، بۆیە لۆژیک ئەوە قبووڵ ناکات."
 
هەروەها رایگەیاند، "ئەوەی کە لە بەغدا دەیبیستین ئەوەیە کە ئەو ئەرکانەی بەرامبەر تورکیا هەیەتی دەبێ جێبەجێیان بکات، تورکیا رەنگە هەرچەندە بەشێوەی فەرمی باسیان لەوە نەکردبێت، بەڵام کەیسێکی دووەمی یاسایی لەلایەن عێراقەوە وروژێندراوە بەرامبەر تورکیا. تورکیا مەبەستیەتی هەم کەیسی یەکەم کۆتایی پێ بهێنرێت بە نەدانی ئەو بڕە پارەیە و هەم هیچ کەیسێکی دیکەی یاسایی نەوروژێندرێت، بۆ ئەوەی هەردوولا لاپەڕەیەکی نوێ لەو بابەتە دەستپێبکەن و دەست بە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە."
 
 
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان:
 
رووداو: دوایین کۆبوونەوەتان لەگەڵ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو. لەو کۆبوونەوەیە باسی چیتان کرد؟
 
سەفین دزەیی: بەڵێ، زۆر سوپاس. ئەو دانیشتنەی لەگەڵ بەڕێز گۆتێرێز ئەنجام درا، سەرەتا بەڕێزیان باسی ئەو پێشکەوتنانەی لە عێراق کرد لە چەند مانگی دواییدا بەتایبەتی لە کاتی کابینەی ئێستای بەڕێز سوودانی، دەستخۆشیی خۆی دەربڕی و دەستخۆشی لە حکومەتی فیدراڵی کرد بۆ ئەو هەنگاوانەی کە ناویەتی بۆچارەسەرکردنی گرفتەکان، چ لە ئاستی هەرێمی و بگرە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداش کە مایەی دڵخۆشی و دەستخۆشی بوو کە هەوڵ بدرێت بەو شێوە دیالۆگەی ئێستا هەیە، ئەو گرفتانەی کە ماون بەهامن شێوە لەنێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێن.
لەسەر ئاستی گشتیش لەسەر پەیوەندیی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ گفتوگۆکرا و بەتایبەتی لەسەر ناوچەی کەنداو و پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ کۆمەڵێک تەوەر بوون کە جێگەی دڵخۆشی بوون و دیار بوو عێراق لە ماوەی ئەم حکومەتەدا توانیویەتی هەندێک لەو گرفتانە چارەسەر بکات یان پەرە بە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و هەرێمی بدات.
 
رووداو: ئێوە کاتێک لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و کۆشکی سپی کۆبوونەوە. چۆن ئەو وێنەیەتان گواستەوە کە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چۆنە؟ هەروەها ئەمریکا پێویستە چی بکات بۆ ئەوەی کە کێشەکە بە یەکجاری چارەسەر بێت؟
 
سەفین دزەیی: لە راستیدا لەو دانیشتنانەدا بە هەمانشێوە دەستخۆشیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کرد کە سەردانی بەغدای کردووە بە یاوەریی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، خۆی لە خۆیدا ئەوە جێگەی دەستخۆشی و دڵخۆشیی هەموو لایەنەکان بوو کە یەکڕیزیی نێوماڵی کورد وا دەکات هەندێک لە گرفتەکان چارەسەر بن، بە هەمانشێوەش دەستخۆشیان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد کە لە هەفتەی رابردوودا تا رادەیەک بەشێک لەو گرفتانە بەتایبەتی لە بابەتی مووچە تا رادەیەک بە باشی چارەسەر بوون. بە ئومێدی ئەوەی کە یاسای بودجەش بە تەواوی جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستانیش لە شایستە داراییەکانی خۆی سوودمەند بێت. سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوت هەرێمی کوردستان، یەکێک لەو بابەتە گرنگانەیە کە ئیدارەی ئەمریکا بایەخی پێ دەدات و دیارە لە گشت کۆبوونەوەکان گفتوگۆی لەسەر کراوە و ئامادەیی خۆیان دەربڕی کە لە نێوان ئەنقەرە و بەغداش بتوانن هاوکار بن، بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەو گرفتەی کە لەنێوان ئەنقەرە و بەغدا هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە رێگەی تورکیا. 
 
رووداو: هۆکاری هەناردەنەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان چییە؟ کێشەکە لەلایەن بەغدایە یان ئەنقەرە؟
 
سەفین دزەیی: با نەڵێین (خەتا)، بەڵام ئەرکەکە لەسەر شانی هەردوو لایەنە، هەر وەک دەزانن لە پاریس بڕیاری دادگەکە لە بەرژەوەندیی عێراق بوو و دەبێ تورکیا نزیکەی ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلار بداتە عێراق، لە رووی ماتماتیکییەوە ئەگەر تەماشا بکەیت، کاتێک کە عێراق هەوڵی وەرگرتنەوەی ئەو ملیار و 500 ملیۆن دۆلارە دەدات، بە راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە لە مانگی سێ تاوەکو ئێستا، واتا لە شەش مانگی رابردوو، نزیکەی شەش ملیار دۆلار زیان بە بودجەی گشتیی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشتووە، بۆیە لۆژیک ئەوە قبووڵ ناکات.
ئەوەی کە لە بەغدا دەیبیستین ئەوەیە کە ئەو ئەرکانەی بەرامبەر تورکیا هەیەتی دەبێ جێبەجێی بکات، تورکیا رەنگە هەرچەندە بەشێوەی فەرمی باسیان لەوە نەکردبێت، بەڵام کەیسێکی دووەمی یاسایی لەلایەن عێراقەوە وروژێندراوە بەرامبەر تورکیا. تورکیا مەبەستیەتی هەم کەیسی یەکەم کۆتایی پێ بهێنرێت بە نەدانی ئەو بڕە پارەیە و هەم هیچ کەیسێکی دیکەی یاسایی نەوروژێندرێت، بۆ ئەوەی هەردوولا لاپەڕەیەکی نوێ لەو بابەتە دەستپێبکەن و دەست بە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە.
 
رووداو: عێراق لەسەر ئەو دەستپێشخەرییەی تورکیا چی دەڵێت؟
 
سەفین دزەیی: لەلایەن عێراقەوە ئەوەی کە بیستراوە بە فەرمی، حکومەت ئەو دەسەڵاتەی نییە کە لێخۆشبوون بکات لەو بڕە پارەیە، رەنگە پێویستی بە بڕیارێک بێت لە پەرلەمان بە شێوەیەک لە شێوەکان، بەڵام رێگەچارەی دیکەش هەیە. ئەگەر مەبەست چارەسەر بێت. بە رای من دەکرێت دەرچەیەک بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی کە هەردوولا هەست بە براوەیی بکەن.
 
رووداو: هەرێمی کوردستان نوێنەری هەمیشەیی لە نەتەوە یەکگرتووەکان نییە، چی دەکەن بۆ ئەوەی دەنگی کورد لەوێ بیستراو بێت؟ 
 
سەفین دزەیی: ئەگەر تەماشای دیپلۆماسیی کوردی یان پەیوەندییەکانی کوردستان لەگەڵ دنیای دەرەوە بکەیت، چەندین قۆناخیان بڕیوە، ئەوەی کە لە شۆڕشی ئەیلوول لە 60ـەکان و 70ـکان، دواتر لە 80ـکان بە شێوەیەکی دیکە لە 1991 دوای راپەڕین و لە 1992 هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قۆناخێکی تازەتری بەخۆیەوە بینیوە بە رێگەی نوێنەرایەتییەوە و لە 2003ـوە دیسان قۆناخێکی نوێیە و هەرێمی کوردستان پێگەیەکی بەهێزی هەبووە و هەیە لە سیاسەت و هاوکێشەی سیاسەتی ناوچەکە و بەتایبەتی لەو ماوەیەی کە شەڕی داعشیش لەئارادا بوو، ئەوانە هەموو وایان کرد کە هەرێمی کوردستان بتوانێت پەیوەندییەکی نێودەوڵەتی دروست بکات. راستە سەرنج ئەمڕۆ لەسەر عێراق  گۆڕاوە یان گوازرابێتەوە، کۆمەڵێک رووداوی نوێ روویانداوە و دەکرێت بەو شێوەیەی جاران نەبێت کە بتوانیت هەمیشە لە ئاستی نێودەوڵەتی دەنگت ببیسترێت یان بتوانیت دیدار و کۆبوونەوەی جیاوازت هەبێت، بەڵام هەوڵەکانمان بەردەوامن و دەبینین سەردانی جیاجیا لە ئاستی جیاجیای شاندی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی کوردستان دەکرێت. سەرۆککۆماری فەرەنسا چەند جارێک هاتووەتە کوردستان، پاپای ڤاتیکان و بگرە جێگری سەرۆککۆماری پێشووی ئەمریکا و وەزیری بەرگری، وەزیری دەرەوە و شاندی کۆنگرێس و پەرلەمانی وڵاتان بە بەردەوامی دێنە کوردستان.
 
ئێمەش لەلای خۆمانەوە هەوڵمان داوە ئەو پەیوەندییانە پتەوتر بکەین و سەردانی جیاجیا لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و خۆمان وەکو فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە هەوڵەکانمان بەردەوامین و ئەو چەند ساڵەی کۆرۆنا رنگە کارەکانی پەکخستبین، بەڵام ئێستا خەریکین دووبارە ئەو پەیوەندییانە بەهێز و پتەوتر بکەینەوە. لە ئاستی ''یوو ئێن''ـەوە راستە چەند جارێک توانراوە کە هەرێمی کوردستان بەشداری لەو شاندە بکات، دواجار لە 2019 بوو لەگەڵ بەڕێز دکتۆر بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق و ئەمجارەش لەگەڵ بەڕێز سوودانی بەشداریمان کرد و جگە لە کۆبوونەوە سەرەکییەکان لەگەڵ بەڕێزیان کە بەشداریمان کرد، چەند کۆبوونەوە و دیداری خۆشمان هەبووە. راستە پەیڕەوەکانی یوو ئێن لەڕووی بەشداریکردن یان ئەندامبوونی چاودێر یان هەر سفەتێکی دیکە، رێگەی خۆی هەیە، لەبەر ئەوە ئێمە هەوڵمان دا بۆنموونە لەڕووی کولتوورییەوە، بەتایبەتی لە رێکخراوی یونیسکۆ، ئێستا هەوڵێکمان لەئارادایە کە ببینە ئەندامی هاوبەش لە یوونیسکۆ و بە ئاگاداری و رەزامەدنیی حکومەتی فیدراڵی هەوڵەکانمان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان ببێتە ئەندامی هاوبەش لە یوونیسکۆ، لەو رێگەیەوە دەتوانین کۆمەڵێک شت بکەین و پەیوەندییەکانمان زیاتر بەهێز بکەین.