وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی پێنجی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانی خەرج کرد
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە وەزارەتی دارایی بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی ئایاری هێزەکانی پێشمەرگەی داوە.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە وەزارەتی دارایی بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی ئایاری هێزەکانی پێشمەرگەی داوە.
رۆژی 10-06-2024، وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 344 ملیار و 875 ملیۆن دیناری وەکو شایستەی مووچەی مانگی نیسانی هێزەکانی پێشمەرگە و دامودەزگا ئەمنییەکان خستە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
خەرجکردنی پارەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە دەنگۆی راگرتنی هاوکاریی هاوپەیمانانی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە رەتکردەوە و رایگەیاند، ئەو پارەیە بەشێوەیەکی دیکە وەکو هاوکاری خەرج دەکرێت. وەزارەتەکەش رایگەیاند: "سبەی دەست بە دابەشکردنی هاوکاریی مانگی پێنج دەکرێت."
بەگوێرەی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، لە دوایین کۆبوونەوە لەگەڵ راوێژکارانی باڵای سەربازیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان: "لەسەر پێشنیاری شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە بڕیاردراوە بە خەرجکردنی ئەو پارەیە بۆ بەشێکی پێشمەرگە."
بەگوێرەی بڕیارەکە، ئەو بڕە پارەیەی لەلایەن ئەمریکاوە بۆ مووچەی ئایاری 2024 بۆ وەزارەتی پێشمەرگە خەرجکراوە: "ببەخشرێت بە ئەفسەران و پلەداران و پێشمەرگەی لیواکانی پیادە و بنکەی مەشقەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە وەکو هاوکارییەکی دارایی وێڕای مووچەکانیان، کە پێویستە لەگەڵ مووچەی تەواوی هێزی پێشمەرگە و هێزە سەربازییەکانی دیکە لەلایەن حکومەتی فیدراڵ دابین بکرێت."
بڕیارەکە لەکاتێکدایە، پێش رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر مووچە، ئەمریکا مانگانە 20 بۆ 25 ملیۆن دۆلاری وەکو پاڵپشتی بۆ مووچەی لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە خەرج دەکرد، ئێستا بڕیارە لەمەودوا مووچەی ئەو لیوایانەش لەلایەن حکومەتی عێراقەوە خەرج بکرێت، بۆیە ئەو پارەیەی ئەمریکا بەشێوەیەکی دیکە وەکو هاوکاری دەدرێتە پێشمەرگە.
وەزارەتی پێشمەرگە: سبەی دەست بە دابەشکردنی هاوکاریی مانگی پێنج بکرێت
وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە ئەمڕۆ لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند ئەو بڕە پارەیەی هاوپەیمانان لێرە بەدواوە وەک هاوکاری دەدرێتە هێزی پێشمەرگە و هیچ پەیوەندییەکی بە مووچەوە نییە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە :"لەچوارچێوەی ئەو پشتیوانییە داراییەی لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە دابین دەکرێت، بڕیاردرا کە رۆژی دووشەممە، 24ـی حوزیرانی 2024 دەست بە دابەشکردنی هاوکاریی مانگی پێنج بکرێت."