بانکی ناوەندیی عێراق زیاتر لە 267 ملیۆن دۆلاری خستەڕوو
رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی عێراق زیاتر لە 267 ملیۆن دۆلاری خستەڕوو. ئەندامێکی ئەنجوومەنی بازاڕی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر دەڵێت، خستنەڕووەکە نەبووە هۆی بەرزبوونەوەی بەهای دینار و ئێستا 100 دۆلار بە زیاتر لە 146 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
رۆژی سێشەممە، 23-05-2023، بانکی ناوەندیی عێراق 267.8 ملیۆن دۆلاری خستەڕوو کە 52.8 ملیۆن دۆلاری بە کاش و 215 ملیۆن دۆلاری حەواڵە بووە.
حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی بازاڕی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەیانیی ئەمڕۆ 100 دۆلاری ئەمریکی بە 145 هەزار و 900 دینار مامەڵەی پێوە دەکرا، بەڵام دوای ئەوەی بانکی ناوەندیی عێراق دۆلاری خستەڕوو، بەهای دینار دابەزی و کاژێر 12:20 خولەکی نیوەڕۆ 100 دۆلاری ئەمریکی بە 146 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوەکرا.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی بازاڕی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر گوتیشی: "بازاڕی گۆڕینەوەی دراو زۆرباشە و مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی زۆر زۆر بەهێزە."
رۆژی یەکشەممە، 21-05-2023 بانکی ناوهندیی عێراق پەیوەست بە بهکارهێنان و راکێشانی پاره له کارته بانکییهکان له ئامێرهکانی ATM چهند بڕیار و رێنماییهکی نوێکردەوە و رایگەیاند، نابێت هیچ کارتێک لە 10 ملیۆن دینار زیاتری تێدا بێت و خستنهسهری پارهش بۆ ههر ههژمارێکی کارتی مانگانه نابێت له 10 ملیۆن دیناری عێراقی تێپهڕ بکات، بەگوێرەی بڕیارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق، رۆژانە راکێشانی پارە تهنیا 300 دۆلار رێگهی پێدراوه.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، 22-5-2023، بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی بە 147 هەزار و 700 دینار مامەڵەی پێوەکرا، لەکاتی داخستنی بازاڕیش لە کاژێر 4:00ـی ئێوارە بەهای 100 دۆلار بەزربووە بۆ 146 و 300 دینار.
لە 20-12-2020 بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاریدا نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە 1180 دینارەوە بۆ 1460 دینار زیاد بکات، تاوەکو نزیکەی دوو ساڵ بەهای دینار جێگیر بوو، تاوەکو رۆژی 11-12-2022 نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی 150 هەزار دیناری عێراقیی تێپەڕاند. ئێستا بانکی ناوەندیی عێراق 100 دۆلار بە 131 هەزار دینار بە بانک و کۆمپانیاکان دەفرۆشێت.