بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەرزبووەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەرزبووەوە. ئەمڕۆ لەکاتی داخستنی بازاڕدا 100 دۆلار بە کەمتر لە 147 هەزار دینار مامەڵەی پێوەکرا.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 23-04-2024 حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ نرخی دینار بەرامبەر دۆلار بەرزبووەوە و لەکاتی داخستنی بازاڕدا 100 دۆلار بەرامبەر 146 هەزار و 850 دینار مامەڵەی پێوە کرا.
 
پێش داخستنی بازاڕ، 100 دۆلار ئاستی 146 هەزار و 600 دیناریشی تۆمار کرد.
 
لەکاتی کردنەوەی بازاڕ لە بەیانیی ئەمڕۆدا، 100 دۆلار بە 147 هەزار و 450 دینار بوو.
 
لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانیش، لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا 100 دۆلار بە 147 هەزار و 350 دینار بوو؛ لەکاتی داخستنیشدا بە 146 هەزار و 700 دینار بوو.
 
جموجووڵە سیاسییەکان و زۆریی حەواڵە لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی نرخی دینارن.
 
رۆژی 25-03-2024 عەمار خەلەف، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی رایگەیاند، لە سەرەتای ساڵی 2023ـدا رۆژانە کەمتر لە 50 ملیۆن دۆلار حەواڵە دەکرا، بەڵام ئێستا رۆژانە زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار حەواڵە دەکرێت.
 
بە گوتەی عەمار خەلەف، بەراورد بە ساڵی رابردوو، ئێستا رێژەی حەواڵەی دەرەکی 300% زیادبووە.
 
هێوربوونەوەی گرژییە جیۆسیاسییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیلیش، بە گوتەی حاجی سابیر، هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی بەهای دینارە.