158 کەشتی ناتوانن بەهۆی گرژییەکانەوە بە دەریای سووردا هاتووچۆ بکەن

رووداو دیجیتاڵ
 
لەگەڵ بەردەوامبوونی گۆڕینی ئاراستەی کەشتییەکان لە دەریای سوور لەلایەن کۆمپانیاکانی کەشتیوانییەوە، لەنێویاندا مایێرسک بەهۆی مەترسی هێرشەکانی حوسییەکان، بەڕێوەبەرانی لۆجستی جیهانی رووبەڕووی قەیرانێکی دوو جەمسەریی بەرزبوونەوەی نرخی گواستنەوەی دەریایی و ئاسمانی لە لایەک و بارە گیرخواردووەکان لە لایەکی دیکە دەبنەوە. 
 
هەردوو لێکەوتەکەش هەڕەشەن بۆ سەر زنجیرەی دابینکردنی جیهانی.
 
رۆژی پێنجشەممە نرخی گواستنەوەی بار لە دەریاوە لە ماوەی چەند کاژێرێکدا بەرزبووەوە، ئەمەش لە ئەنجامی لادانی زیاتری کەشتییەکان لە دەریای سوورەوە.
 
بەپێی زانیارییەکان، نرخی گواستنەوەی بار لە دەریاوە بە بڕی 10 هەزار دۆلار بۆ هەر کۆنتێنەرێکی 40 پێیی لە شەنگەهایەوە بۆ بەریتانیا بەرزبووەتەوە، لەکاتێکدا هەفتەی رابردوو نرخەکە 1900 دۆلار بووە بۆ کۆنتێنەرێکی 20 پێیی و 2400 دۆلار بۆ کۆنتێنەرێکی 40 پێیی. 
 
بەشێک لە سەرچاوەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن، ئێستا نرخی گواستنەوە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیاتر لە دوو هێندە بەرزبووەتەوە.
 
بەپێی دوایین ئاماری کۆمپانیاکانی بەدواداچوونی جووڵەی کەشتییەکان، تاوەکو بەرەبەیانیی پێنجشەممە، 158 کەشتی ئاراستەکانیان لە دەریای سوورەوە گۆڕیوە کە بە کۆی گشتی، زیاتر لە 2.1 ملیۆن کۆنتێنەریان تێدایە.
 
بەپێی خەمڵاندنەکان، کۆنتێنەرەکان بەکۆی گشتی بایی 105 ملیار دۆلار کاڵایان تێدایە.
 
ئاژانسی بلومبێرگیش هۆشداری دەدات، لەوەی گرژییەکانی دەریای سوور و گەرووی بابولمەندەب کاریگەریی لەسەر نرخەکانی خۆراک لەسەر ئاستی جیهان دادەنێت.
 
ئەمە لەکاتێکدایە، تازە خەریکە هەڵاوسان لە وڵاتانی جیهان دەست بە دابەزین دەکات و بانکە ناوەندییەکان کۆتاییان بە شەپۆلی بەرزکردنەوەی سوودی بانکیی هێناوە.