کەمترین بڕەمووچە لە تورکیا بە 8500 لیرە دەستنیشانکرا
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا کەمترین بڕەمووچەی بۆ ساڵی 2023 راگەیاند کە راستەوخۆ پەیوەندی بە نزیکەی حەوت ملیۆن فەرمانبەر و ناڕاستەوخۆش هەموو هاووڵاتییانی تورکیاوە دەگرێتەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ی کانوونی یەکەمی 2022، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە ئەنقەرە رایگەیاند، کەمترین بڕەمووچە لە ساڵی 2023 دا هەشت هەزار و 500 لیرەیە کە دەکاتە 455 دۆلاری ئەمریکی.
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی: "ئەگەر رووبەڕووی وێنەیەکی چاوەڕواننەکراو بووینەوە، هەروەک ساڵی رابردوو درێخی ناکەین لە سەرلەنوێ رێکخستنەوەی کەمترین بڕەمووچە".
کاتێک ئاکپارتی لە ساڵی 2002دا دەسەڵاتی گرتەدەست، کەمترین مووچە لە تورکیا 184 لیرە بوو. ئەردۆغان گوتی: "لە سەردەمی دەسەڵاتی ئێمەدا لەڕووی راستەقینەوە بە رێژەی 142٪ زیادیکردووە. لە سەرەتای ساڵی رابردوودا، بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئەو رۆژانە، کەمترین مووچەمان بە رێژەی لەسەدا 50 زیاد کرد و گەیشتە چوار هەزار و 253 لیرە. لە مانگی تەممووزدا کەمترین مووچەمان بۆ پێنج هەزار و 500 لیرە بەرزکردەوە."
ئەردۆغان گوتیشی: "ئێمە پەیڕەوی لەو پرۆسەیە دەکەین کە ماف و هاوسەنگی دەپارێزێت لەم قۆناخە هەستیارەدا کە دەستدەکەین بە چنینەوەی بەرهەمی خەباتمان بۆ دەرهێنانی وڵاتەکەمان لە چنگی سوود و نرخی ئاڵوگۆڕی دراو و هەڵاوسان. تاوەکو کۆتایی ساڵ ئەگەری ئەوە هەیە ژمارەی دانیشتووانی ئێمە بگاتە 86 ملیۆن کەس، دەبێت بیر لەمانە بکەینەوە".
نوێنەری کارمەند و خاوەنکارەکان دوای سێ کۆبووبەوە نەیانتوانی لەسەر ژمارەیەکی هاوبەش رێکبکەون. ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 21ی کانوونی یەکەمی 2022، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ نوێنەری کارمەند و خاوەنکارەکان کۆبووەوە.
ئەرگون ئەتالای، سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی کرێکارانی تورکیا (تورك-ئیش)، پێشتر رایگەیاندبوو، پێشنیازی فەرمییان بۆ کەمترین بڕەمووچە نۆ هەزار لیرەیە (481 دۆلار)، ئەگەر ئەم ژمارەیە قبوڵ نەکرێت لەسەر مێزی گفتوگۆ دانانیشن. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، ئەرگون ئەتالای بەشداریی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی نەکرد.
کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی کرێکارانی تورکیا (تورك-ئیش)، رۆژی چوارشەممە، 30ـی تشرینی دووەمی 2022، راپۆرتی مانگی تشرینی دووەمی لەبارەی هێڵی برسێتی و هەژاری بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە مانگی تشرینی دووەمی 2022 دا لە تورکیا و باکووری کوردستان سنووری برسێتیی خێزانێکی چوار کەسی، حەوت هەزار و 786 لیرەی تورکی و هێڵی هەژاریش 25 هەزار و 365 لیرەی تورکی بووە. خێزانێكی چوار کەسی ئەگەر بە کەمترین بڕە مووچە کار بکات کە ناتوانێت لە هێڵی هەژاری تێپەڕێت.