دواخستنی کۆبوونەوەی ئۆپێک پڵەس شۆکی لە بازاڕدا دروست کرد؛ نرخی نەوت بۆ کەمتر لە 80 دۆلار دابەزی

رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوت، ئێوارەی ئەمڕۆ زیاتر لە 4 دۆلار دابەزی و بەرمیلێک نەوتی برێنت گەیشتە خوار 79 دۆلار، بەڵام دواتر کەمێك لە زیانەکانی قەرەبوو کردەوە.
 
ئەمڕۆ (چوارشەممە 22-11-2023) نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 79.38 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. هاوکات نرخی نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش 3.10 دۆلار دابەزی و هەر بەرمیلێکی بە 74.53 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی نەوت، دواخستنی کۆبوونەوەی ئۆپێک پڵەسە بۆ 30ـی ئەم مانگە، کە بڕیار بوو 26ـی مانگ بکرێت، ئەوەش شۆکێکی گەورەی لە بازاڕی نەوتدا دروستکرد.
 
رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت کە بە ئۆپێک ناسراوە، ئەمڕۆ لە راگەیێندراوێکدا دواخستنەکەی راگەیاند. 
 
هەرچەندە ئۆپێک باسی لەوە نەکردووە کۆبوونەوەکەی رۆژی 30ـی مانگ بەشێوەی ئۆنلایین دەبێت یان رووبەڕوو، بەڵام سێ سەرچاوە رایانگەیاندووە، کۆبوونەوەکە بە شێوەی رووبەڕوو دەبێت. 
 
ئۆپێک پڵەس لە کۆبوونەوەکەیدا تاوتوێی بەرهەمهێنانی نەوت لە مانگی یەکی ساڵی داهاتوودا دەکات.
 
بەگوتەی سەرچاوەیەکی ئۆپێک پڵەس، کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، دواخستنی کۆبوونەوەکە بۆ ئەوە بووە، کاتی زیاتر بدرێتە وڵاتانی ئەندامی کۆمەڵەکە تاوەکو گفتوگۆی پابەندبوون بەو ئاستەی ئێستا بکەن، کە بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان دانراوە، هەروەها گفتوگۆی کەمکردنەوەی زیاتری بەرهەمهێنانی نەوتیش بکرێت.
 
جیۆڤانی ستاونۆڤۆ، شرۆڤەکاری بازاڕەکان لە کۆمپانیای UBS دەڵێت، "ناسەقامگیری، هیچ کات شتێکی باش نییە بۆ بازاڕە داراییەکان، چونکە بازاڕەکان ئێستا دەبێت چاوەڕوان بن تاوەکو بەرچاوڕوونی وەربگرن لەبارەی رێکارەکانی ئۆپێک پڵەس لە ساڵی داهاتوودا."
 
ستاونۆڤۆ دەشڵێت، "دواخستنی کۆبوونەوەکە، ئەو ئاماژەیەش دەدات کە لەنێوان ئەندامانی گرووپەکەدا، بۆچوونی جیاواز هەن."
 
لە چوار هەفتەی رابردوودا نرخی نەوت بەردەوام بە دابەزین کۆتایی بە مامەڵەکانی هەفتە هێناوە.
 
کۆتاییەکانی ئەیلوولی ئەمساڵ، نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بە نزیکەی 98 دۆلار بوو، بەڵام لەدوای ئەوکاتەوە بەهۆی زیادبوونی خستنەڕوو، نیگەرانی لەبارەی خواست و ئەگەری پاشەکشەی ئابوورییەوە، بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.