ئەپیکور بۆ رووداو: مەرجەکانمان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت جێبەجێنەکراون

رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستان (ئەپیکور) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ کام لە مەرجەکانیان بۆ بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوت جێبەجێ نەکراون و هێشتاش دڵنیاییان لەبارەی شایستە داراییەکانیانەوە پێنەدراوە.
 
رۆژی چوارشەممە 22.11.2023، مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستان (ئەپیکور) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوان لەبارەی گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت ئاگادار نین و بەشێوەیەکی راستەوخۆ بەشدارییان لە دانوستاندنەکان نییە.
 
کاگینز لەبارەی پێدانی شایستە داراییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکانیش لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هێشتا بەڵێنیان پێنەدراوە لەبارەی شایستە داراییەکانیان و چاوەڕوانن لەوبارەیەوە بڕیاریك لە بەرژەوەندییان بدرێت".
 
رۆژی هەینی، 17.11.2023، ئەپیکور لە راگەیێندراوێکدا چوار مەرجی بۆ بەرهەمهێنانەوەی تەواوەتیی نەوت لە هەرێمی کوردستان راگەیاند؛ مەرجەکانیش بریتی بوون لە:
 
- هەر پرسێکی زیادکراو دەبێت بە رێککەوتن بێت لە نێوان حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا ئەندامەکانی کۆمەڵەکە.
 
- دەبێت دڵنیایی لە پێدانی شایستە داراییەکانی رابردوو و داهاتووی کۆمپانیاکان بدرێت.
 
- شایستەی دارایی ئەو نەوتەی دەفرۆشرێت، راستەوخۆ بۆ کۆمپانیاکان بنێردرێت.
 
- پێویستە بەردەوامی بە شێوازی گرێبەستە بازرگانی و ئابوورییەکانی ئێستای کۆمپانیاکان بدرێت.
 
کاگینز بۆ رووداو دەڵێت، هێشتا هیچ کام لەو مەرجانەیان جێبەجێنەکراون.
 
رۆژی سێشەممە 21.11.2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئێمە ئامادەین. حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە. تۆپەکە لە گۆڕەپانی بەغدایە. ئایا ئەوان ئامادەن تێچووی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکان بدەن کە لە کوردستان کار دەکەن؟ ئێمە لێرە سەرپەرشتیارین وەکو حکومەت و بەرگری لە مافە دەستوورییەکانمان دەکەین؛ هەروەها بەرگری لە مافی هاوبەشەکانیشمان دەکەین کە متمانەیان پێکردووین و وەبەرهێنانیان لە کوردستان کردووە".
 
مەسرور بارزانی گوتیشی، "بۆیە هەر کاتێک ئەو گرێبەستانە رێزیان لێگیرا و هەر کاتێک حکومەتی فیدراڵی پارەی کۆمپانیاکانی دا، نەوت بۆ هەناردەکردن ئامادە دەبێت".
 
گرووپی ئەپیکور لە شەش کۆمپانیای تایبەت بە نەوت لە هەرێمی کوردستان پێکهاتووە و پێش راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بۆ تورکیا، ئەندامانی ئەو کۆمەڵەیە، 50%ـی نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستانیان بەرهەم دەهێنا.
 
8ی تشرینی دووەم، بۆ یەکەمین جار بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی لەگەڵ نوێنەرانی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان کۆبوونەوە.
 
کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی، کە یەکێکە لە ئەندامانی کۆمەڵەکە، ئەم مانگە رایگەیاند، تا ئەو کاتەی قەرزەکانیان نەدرێتەوە کە نزیکەی یەک ملیار دۆلارە، کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت ناکەنەوە.