یەک دۆلار 66 هەزار تمەنی تێپەڕاند؛ نزمترین ئاستیەتی لە 6 مانگی رابردوودا
رووداو دیجیتاڵ
بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار لە بازاڕەکانی ئێران، رۆژهەڵات و باشووری کوردستان گەیشتە نزمترین ئاستی 6 مانگی رابردوو.
لە بازاڕەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، هەر دۆلارێک گەیشتە 66 هەزار و 250 تمەن. ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە هەر دۆلارێک بە 64 هەزار و 250 تمەن بوو.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 22ی تشرینی یەکەم رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە رووداوی گوت، ئێستا 100 دۆلار بە شێوەی حەواڵە بەرامبەر 6 ملیۆن و 600 هەزار تمەنە؛ بە شێوەی کاشیش بەرامبەر 6 ملیۆن و 400 هەزار تمەنە.
بەڵام لە هەولێر بەهای تمەن هێندە دانەبەزیوە. کەیفی خۆشناو، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێر بە رووداوی گوت، 100 دۆلار بە شێوەی حەواڵە بەرامبەر 6 ملیۆن و 300 هەزار تمەنە؛ بە کاشیش بەرامبەر 6 ملیۆن و 100 هەزار تمەنە.
هەواڵەکانی تایبەت بە ئەگەری بەهێزی وەڵامدانەوەی هێرشە مووشەکییەکەی سەرەتای ئەم مانگەی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە ترس و دوودڵیی لەنێو بازرگانانی دراو لە ئێران دروستکردووە؛ بەو هۆیەوە خواست بۆ کڕینی دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕدا زیادبووە.
لەدوای هێرشە مووشەکی و درۆنییەکەی نێوەڕاستی نیسانی ئەم ساڵی ئێران بۆسەر ئیسرائیل، 100 دۆلار لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتە 7 ملیۆن تمەن؛ لە بازاڕەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیش بەهای هەر دۆلارێک گەیشتە 70 هەزار تمەن.
شرۆڤەکارانی بازاڕی دراوی ئێران پێیانوایە شکاندنی ئاستی 65 هەزار تمەن دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی بەهای دۆلار ئاستی 70 هەزار تمەن تاقیبکاتەوە.