دابەزینی بەهای لیرەی تورکی ریکۆردێکی نوێی تۆمارکرد
رووداو - هەولێر
بەهای دراوی نیشتمانیی تورکیا لە بەرامبەر دۆلار و دراوە بیانییەکانی دیکە دابەزینی بەخۆیەوە بینی و ریکۆردێکی نوێی بۆ ساڵی 2022 تۆمارکرد. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە بانکی ناوەندیی تورکیا سوودی بانکی رابگەیێنێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ی ئەیلولی 2022 دوای کردنەوەی بۆرسەکانی تورکیا، بەهای لیرەی تورکی دابەزی و یەک دۆلاری ئەمریکی بە 18.35 لیرە مامەڵەی پێوەکرا.
بەهای لیرەی تورکی لە 22ی کانوونی دووەمی 2021 بۆ نزمترین ئاست دابەزی و یەک دۆلاری ئەمریکی بە 18.36 لیرە مامەڵەی پێوەکرا.
دابەزینی بەهای لیرەی تورک لە کاتێکدایە، کاژێر 14:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە بانکی ناوەندیی تورکیا لە نۆهەمین کۆبوونەوەی ئەمساڵیدا رێژەی سوودی بانکی رادەگەیێنێت.
پێشبینیی ئابووریناسان ئەوەیە، بانکی ناوەندی سوودی بانکی لە 13%دا بە جێگیری بهێڵێتەوە.
بانکی ناوەندیی تورکیا رۆژی 18ی ئابی 2022 لە هەشتەمین کۆبوونەوەی ئەمساڵی بە سەرۆکایەتیی شەهاب کاڤجیئۆغڵو، سەرۆکی بانکی ناوەندی، رێژەی سوودی بانکی لە 14%ـەوە بۆ 13% کەمکردەوە.
دوای کەمکردنەوەی سوودی بانکی لە تورکیا بە رێژەی 1%، لیرەی تورکی بە رێژەی 1.14%ی بەهای لەدەستدا و یەک دۆلاری ئەمریکی بە 18.11 لیرە مامەڵەی پێوەکرا.
لە سەرەتای مانگی ئایاری ئەمساڵ لە تورکیا بەهۆی نیگەرانییەکان لەبارەی داتەپینی ئابووری، بەتایبەتی رێژەی سوود و سیاسەتی ئاڵوگۆڕی دراو، هەڵاوسانی بەرز و ترس لە پاشەکشەی ئابووریی جیهانی، بەهای دراوی نیشتمانیی تورکیا لە بەرامبەر دۆلار و دراوە بیانییەکانی دیکە لە دابەزیندایە.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا لیرەی تورکی بە رێژەی 27.5% و لە ساڵی رابردووشدا بە رێژەی 54% بەهاکەی لەدەستداوە.