سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکانی سلێمانی: لە جەژندا نرخ بەرز نەبووەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکانی سلێمانی دەڵێت، پێش جەژنی قوربان لەگەڵ بەرپرسان کۆبوونەتەوە و زانیویانە گەشتیاری زۆر دێن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، نرخ بەرز نەبووەتەوە و بە پێویستیشی دەزانێت ژووری تاکە کەسی لە هوتێلەکان زیادبکرێت، چونکە گەشتیاری "سینگڵ" زۆر بوون.
 
ئەم گوتانەی مەحموود تۆفیق، سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکانی سلێمانی لە کاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 9:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی کرد.
 
مەحموود تۆفیق دەڵێت: "ئەم جەژنە بەدڵی ئێمە بوو. هەفتەیەک پێش جەژن بەرچاوڕوونیمان هەبوو کە گەشتیاری زۆر دێن، ئەوەش بەهۆی پەیوەندیمان لەگەڵ گرووپە گەشتیارییەکان"؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "پێش جەژن کۆبوونەوەمان لە قایمقامییەتی سلێمانی کرد و دەمانزانی گەشتیاری زۆر دێن، چونکە پشووەکە زۆر بوو و کەشەکەش لە خواروو و نێوەڕاستی عێراق گەرم بوو. لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا هەموومان بە یەک تیم کاربکەین."
 
سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکانی سلێمانی باسی لەوەشکرد: "کۆمەڵەکەمان خشتەی کارکردنی چێشتخانەکانی لە رۆژانی جەژندا پێ سپێردرا. چێشتخانە لە جەژندا وەک پێویست کرانەوە کە 110 چێشتخانە بوون."
 
لەبارەی رێکارەکانیشەوە مەحموود تۆفیق گوتی: "ئەو خاوەن چێشتخانەیەی ناوی هاتبێت و نەیکردبێتەوە، بە پێبژاردن سزا دەدرێت کە کەمتر نابێت لە 500 هەزار دینار."
 
سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکان لەبارەی نرخەوە دەڵێت، "بەپێی کواڵیتی چێشتخانە و هوتێلەکان بەرز و نزمی هەبووە، بەڵام بەگشتی نرخ بەرز نەبووەتەوە."
 
بە گوتەی مەحموود تۆفیق، لە جەژنی قورباندا "گەشتیار لە ئێران و تورکیاشەوە هاتوون، بەڵام لە تورکیا کەمتر."
 
سەرۆکی کۆمەڵەکە ئاماژەی بەوەشکرد: "پێشکەوتن هەیە لە کردنەوەی هوتێل و چێشتخانەی نوێ، بەڵام 60٪ـی خاوەنی شوێنە گەشتیارییەکان کرێچیین."
 
لەبارەی خەرجیی گەشتیارانیش لە کاتی مانەوەیان لە هەرێمی کوردستان، مەحموود تۆفیق دەڵێت: "هەر گەشتیارێک تێكڕا لەم هەفتەیەدا 200 بۆ 250 دۆلاری خەرجکردووە. بەڵام بەدەر لە خەرجیی مانەوە هوتێل. تێکڕای مانەوە لە هوتێلیش بۆ هوتێلێکی چوار ئەستێرە لە ژوورێکی دوو کەسی 60 بۆ 100 دۆلارە"؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ژووری تاکەکەسی "بەداخەوە" کەمە، چونکە "سینگڵ" زیاتر دێت. بۆیە هیودارە برەو بە کردنەوەی ژووری تاکە کەسی بدرێت.