بەرزکردنەوەی سوودی بانکیی تورکیا بەهای لیرەی بۆ نزمترین ئاست دابەزاند
رووداو دیجیتاڵ
بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر بە دۆلار بۆ نزمترین ئاست دابەزی و هەر دۆلارێک بەرامبەر بە زیاتر لە 24.34 لیرەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22.6.2023، بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر بە دۆلار 3.31٪ دابەزی و هەر دۆلارێک بە 24.34 لیرە مامەڵەی پێوەکرا.
دابەزینی بەرچاوی بەهای لیرەی تورکی دوای ئەوە هات ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی تورکیا رێژەی سوودی بانکی بە 650 خاڵی بنەڕەتی، یان بە رێژەی 6.50٪ زیادکرد و رێژەکەی گەیاندە 15٪. ئەمەش کەمتر بوو لە ئاستی پێشبینییەکان و ئابووریناسان پێشبینییان دەکرد بانکی ناوەندیی تورکیا رێژەکە بۆ زیاتر لەو ئاستە بەرز بکاتەوە.
بەرزکردنەوەی سوودی بانکی دوای ئەوە هات، لە مانگی ئاداردا هەڵاوسان لە تورکیا بۆ 39.6٪ دابەزی، بەوەش بەراورد بە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە کاتێک لەو مانگەدا گەیشتە 85٪، ئەوەش بەرزترین ئاست بوو لە مێژووی ئەو وڵاتەدا.
ئەمە یەکەمین جارە بانکی ناوەندیی تورکیا دوای زیاتر لە دوو ساڵ سوودی بانکی زیادبکات. هاوکات بە هەڵگەڕانەوەش لە سیاسەتەکانی پێشووی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دادەنرێت، چونکە پێشتر سیاسەتی کەمکردنەوەی سوودی بانکیی پەیڕەو دەکرد.