لە هەولێر لووتکەی بازرگانیی کوردستان و تورکیا بەڕێوەدەچێت

رووداو دیجیتاڵ
 
لە هەولێر لووتکەی بازرگانیی کوردستان و تورکیا بەڕێوەدەچێت. 40 کۆمپانیای باکووری کوردستان و تورکیا بەشدارن. ئامانج لێی ئەوەیە قەبارەی بازرگانیی تورکیا و هەرێمی کوردستان بگەیێننە 25 ملیار دۆلار لە ساڵیکدا کە ئێستا 20 ملیار دۆلارە. 
 
شەوکەت قایکچی، خەڵکی باکووری کوردستانە و خاوەن کۆمپانیایەکی دروستکردنی کەلوپەلی نێوماڵە. 24 کەس لە کۆمپانیاکەی کاردەکەن. لە دیزاینی سەرەتایی تا کاری کۆتایی ماڵەکە لە ئەستۆی ئەوانە. 6 ساڵە کارگەی دارتاشیی لە هەولێر داناوە.
 
شەوکەت دەڵێت، "کارکردن لە کوردستان زۆر باشە، من تا ئێستا هیچ کێشەیەکم لێرە نەبووە. بازرگانی تورکی دەترسن دەڵێن ئەوان چەکیان هەیە و ئارام نییە، بەڵام کۆمەڵگای ئوسیاد رێگای بۆ ئێمە ئاسان کردووە."
 
کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی کارسازی و پیشەسازی ناسراو بە ئوسیاد ساڵانە لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر لووتکەی بازرگانی تورکیا و هەرێمی کوردستان ريکدەخەن، ئەمساڵ 40 کۆمپانیا لە باکووری کوردستان و تورکیا بەشدارن.
 
نەواف خلج، سەرۆکی ئوسیاد دەڵێت، "ئێمە دەمانەوێ کۆمپانیای زیاتر بهێنین تا لێرە کار بکەن و ئاڵوگۆڕی زیاتر بکرێت."
 
مەلا مەجید سوورچی، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر باس لەوە دەکات، "کۆمپانیاکان لە بواری تەندروستی، گەشتیاری، پیشەسازی و چەندین بواری دیکەن، لەگەڵ بازرگانانی خۆمان بۆ وەبەرهێنانی زیاتر لە هەردوو وڵات کار دەکەین."
 
قەبارەی بازرگانی تورکیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان 20 ملیار دۆلارە و هەردوولا دەیانەوێ بۆ 25 ملیار دۆلار زیادی بکەن.
 
ئەیهان کزڵتان، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی مێرسین دەڵێت، "ئامانجی ئێمە لێرە تەنیا ئەوە نییە لێرە شتێک بکەین، پێکەوە لە تورکیا لە مێرسین و لە کوردستان لە هەولێر کارمەندەکانمان بتوانن پێکەوە پاڵپشتیی پێشکەوتن و پێشڤەچوون بکەن. (دەمانەوێت) کولتوورەکانمان زیاتر لێکنزیک بکەینەوە، لە بواری کۆمەڵایەتیشدا پەیوەندییەکانمان باشتر بونیاد بنێین، ئامانجمان ئەوەیە ئەم ناوچەیە وا لێبکەین خەڵکی ناچەکە بتوانن خۆشتر بژین."
 
سێ هەزار و 400 کۆمپانیای بیانی ناوی خۆیان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان تۆمارکردووە، کە 1500ـیان کۆمپانیای باکووری کوردستان و تورکیان.