ئۆکراینا داوا دەکات نەوتی رووسیا بە 30 دۆلار بێت و رووسیاش دەڵێت بازاڕی وزە تێکدەدات
رووداو دیجیتاڵ
ئۆکراینا داوا دەکات بەرمیلێک نەوتی رووسیا بە 30 بۆ 40 دۆلار مامەڵەی پێوەبکرێت، رووسیاش دەڵێت، بڕیارێکی لەم جۆرە بازاڕی وزەی جیهان تێکدەدات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، "دوێنێ ئەوەم خوێندەوە کە ئۆکراینا هەوڵدەدات ئەمریکا رازی بکات بەوەی نرخی نەوتی دیاریکراوی رووسیا بۆ 30 دۆلار کەمبکاتەوە، بڕیارێکی لەو جۆرە هەموو سنوورێک دەبەزێنێت".
بەهۆی هێرشی سەر ئۆکرایناوە، وڵاتانی رۆژئاوا زنجیرەیەک سزای ئابوورییان بەسەر رووسیادا سەپاندووە. 5ـی کانوونی یەکەمی ساڵی 2022ـش، نرخی بەرمیلێک نەوتی رووسیایان بە 60 دۆلار دیاریکرد.
بەپێی دامەزراوەکانی وزە، ئێستا بەرمیلێک نەوتی رووسیا بە نزیکەی 68 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت. لاڤرۆڤ دەشڵێت، "گرنگ ئەوەیە کە ئەمریکا بە ئەگەری زۆرەوە هاوڕا نابێت لەگەڵ ئۆکراینا".
وەک وەزیری دەرەوەی رووسیا باسی دەکات، هەنگاوێکی لەم جۆرە "لێکەوتەی مەترسیداری لەسەر بازاڕی وزەی جیهان و ئابووریی ئەمریکاش دەبێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا داوا دەکات ئەمریکا ئەو نرخە کەمبکاتەوە و بەرمیلێک نەوتی رووسیا تەنیا بە 30 بۆ 40 دۆلار مامەڵەی پێوەبکرێت.
هاوکات، تائێستا بەهۆی ئەوەی کە گومانیان لێدەکرێت نەوتی رووسیایان هەڵگرتبێت و نەوتی هەناردەکراو بە زیاتر لەو نرخە دیاریکراوە بفرۆشرێت کە دانراوە، ئەمریکا سزای بەسەر دەیان کەشتیی نەوتهەڵگردا سەپاندووە.
ساڵی رابردوو ئابووریی رووسیا 3.6٪ گەشەی کردووە. ڤلادیمیر پووتینی سەرۆکی وڵاتەکەش دەڵێت، سەرەڕای سزاکان، ئابووریی وڵاتەکەی بووژاوەتەوە.
پووتین باسی لەوەشکردووە، "رووسیا کۆمەڵێک کڕیاری بۆ نەوتەکەی هەیە."