رۆژی پێنجشەممە دوو شاندی هەرێمی کوردستان دەچنە بەغدا
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا سبەی پێنجشەممە هەردوو تیمی هەرێمی کوردستان تایبەت بە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023ـی عێراق و پڕۆژەیاسای نەوت گاز سەردانی بەغدا بکەنەوە، بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان لەپێناو تەواوکردنی دوا هەنگاوەکانی دەستنیشانکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی و تاوتوێکردنی ئامادەکارییەکانی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی فیدراڵ.
رۆژی چوارشەممە، 22-2-2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و چەند تەوەرێکی باسکرد، بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە بەپێی راگەیێندراوی ئەنجوومەن؛ تایبەت بوو بە خستنەڕووی ئەنجامی سەردانی شاندی باڵای دانوستاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ شاندی دانوستاندنی حکومەتی فیدراڵ لە رۆژی 19-2-2023، سەبارەت بە پڕۆژەیاسای نەوت و گازی ئیتیحادی، کە لەلایەن ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامانی شاندەکە خرایەڕوو.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "سەرۆکوەزیران وێڕای دەستخۆشی لە شاندی هەرێمی هەرێمی کوردستان، جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان، هەمیشە لەگەڵ ئەوە بووە کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، لە رێگەی گفتوگۆ و دانوستاندن و بەشێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن و بۆ ئەم مەبەستەش، ئامادەین بۆ هەر هاوئاهەنگی و هاریکارییەک لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، چونکە چارەسەرنەکردنی کێشەکان زیان بە بەرژەوەندیی هەموو هاووڵاتییانی عێراق دەگەیێنێت."
بەپێی راگەیێندراوەکە: "ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا هەردوو تیمی هەرێمی کوردستان تایبەت بە پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵ و پڕۆژەیاسای نەوت گاز، سبەی سەردانی بەغدا بکەنەوە، بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان لەپێناو تەواوکردنی دوا هەنگاوەکانی دەستنیشانکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدرالی و هەروەها تاوتوێکردنی ئامادەکارییەکانی پڕۆژەیاسای نەوت وگازی فیدراڵ."
رۆژی یەکشەممە، 19ـی شوباتی 2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدا لەگەڵ شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق کۆبووەوە و بڕیاردرا لیژنەیەکی ھاوبەش پێکبھێنرێت بۆ ئامادەکردن و داڕشتنی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی فیدراڵی.
ئەمە سێیەم سەردانی شاندی هەرێمی کوردستانە بۆ بەغدا لەم مانگەدا. هەمان شاند لە 11-02-2023 سەردانی بەغدای کرد و چەند کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق کرد.
شاندی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان دوای چەند کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسان لە بەغدا، رۆژی سێشەممە، 21-2-2023 گەڕایەوە بۆ هەولێر، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند "تا گەیشتن بە چارەسەری بابەتە هەڵپەسێردراوەکان بەتایبەتی یاسای نەوت و غاز و پرۆژەیاسای بودجە، گفتوگۆکانمان بەردەوام دەبن".