زانیاریی نوێ لەبارەی بڕی قۆناخی یەکەم و کاتی دابەشکردنی بەرمیلی نەوت بە 50 هەزار دینار

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نرخی لیترێک نەوتی بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە 500 دینارەوە بۆ 250 دینار کەمکردەوە، بریکاری وەزارەتی نەوت دەڵێت، ''دەکرێ لە بەیانییەوە دەست بە پرۆسەکە بکەن و هەر خێزانێک یەک بەرمیل نەوت وەربگرێت.''
 
رۆژی چوارشەممە، 20-12-2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەوە و تێیدا ژمارەیەک بڕیار و راسپاردە دەرکران، لەوانەش دابەزاندنی بەهای بەرهەمی نەوت لە هەرێمی کوردستان لە 500 دینارەوە بۆ 250 دینار بۆ هەر لیترێک.
 
د. عیزەت سابیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کۆڕۆژی تۆڕی میدیای رووداو، کە فوئاد رەحیم و دڵدار هەرکی پێشکێشیان کرد، رایگەیاند، ئەم دابەزاندنی نرخە بۆ ماوەی چوار مانگ بەردەوام دەبێت، لە رۆژی 1ـی کانوونی یەکەمی ساڵی 2023ـوە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
عیزەت سابیر گوتی، حکومەتی عێراق نەوتی لە کۆگاکانی هەولێر و سلێمانی هەیە، ''بۆیە دەتوانرێت لە بەیانییەوە دەست بە دابەشکردنی بکرێت، چەند بە خێرایی دابەش بکرێت، ئەوەندە نەوتی زۆرتر بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت و زۆرترین خێزانیش لێی سوودمەند دەبن.''
 
حکومەتی عێراق بەرمیلێک نەوت بە 30 هەزار دینار دەداتە هاووڵاتیانی، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بەرمیلێک نەوتی بە زیاتر لە 100 هەزار دینار دەدایە هاونیشتمانییان، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت ''ناکرێت لە بەغدا بەرمیلێک نەوت بە 30 هەزار دینار بێت و حکومەتی عێراق لە هەرێمی کوردستان بە 100 هەزار دینار دابەشی بکات.''
 
بەگوتەی بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق، بۆ یەکەم قۆناخ 50 ملیۆن لیتر دیاریکراوە و ئەگەر بە خێرایی دابەشکرا، ئەوە 50 ملیۆن لیتری دیکەش بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت، گوتیشی ''ئەرکی دابەشکردنی نەوتەکە، دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، واتا حکومەتی عێراق تێیدا بەشدار نابێت.''
 
عیزەت سابیر ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بە خێرایی کاروباری دابەشکردنی نەوت راپەڕێنێت، هەر خێزانێک بەرمیلێک نەوتی بەو نرخە دەدرێتێ، بەڵێنی بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیش دا، وەک بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق، هاوشێوەی نرخی نەوت، کار بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزینیش بکات لە هەرێمی کوردستان.