بیتکۆین لە لێواری 100 هەزار دۆلارە؛ "دوور نییە ئەمڕۆ بێت"
رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمجار لە مێژوودا بیتکۆین گەیشتە زیاتر لە 98 هەزار دۆلار.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 21-11-2024 نرخی یەک بیتکۆین 4 هەزار و 190 دۆلار بەرزبووەوە و ئاستی 98 هەزار و 350 دۆلاری تۆمارکرد.
گەشبینی بە رێکخستنی سێکتەری دراوە دیجیتاڵییەکان و بەیاساییکرنیان لە سەردەمی ئیدارەی داهاتووی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، هۆکاری سەرەکییە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی بیتکۆین.
بەراورد بە رۆژێک پێش راگەیاندنی سەرکەوتنی ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، نرخی هەر بیتکۆینێک نزیکەی 30 هەزار دۆلار بەرزبووەتەوە.
تەنیا لە دوای سەرکەوتنی ترەمپەوە لە دوو هەفتەی رابردوودا، نرخی هەر بیتکۆینێک نزیکەی 40٪ بەرزبووەتەوە. لە سەرەتای ئەم ساڵیشەوە تاوەکو ئێستا 130٪ بەرزبووەتەوە.
رۆب گینسبێرگ، شارەزای دراوە دیجیتاڵییەکان لە دامەزراوەی Wolf Research دەڵێت، "تاقیکردنەوەی راستەقینەی بیتکۆین لە ئاستی هەستیاری سایکۆلۆژیی 100 هەزار دۆلارەوە دەستپێدەکات و دەکرێت ئەم نرخە لە داهاتوویەکی نزیکدا ببێتە راستی و دوور نییە ئەمڕۆ پێنجشەممە بێت".
تۆنی سکایمۆر، شارەزای بازاڕە داراییەکان لە دامەزراوەی “IG Markets” دەڵێت، "خواستێکی لە رادەبەدەر بۆ کڕینی بیتکۆین هەیە، بۆیە تادێت لە ئاستی 100 هەزار دۆلار نزیکتر دەبێتەوە".
جگە لە دۆناڵد ترەمپ، کە خۆی بە لایەنگری دراوە دیجیتاڵییەکان دەزانێت، لە کۆنگرێسی ئەمریکا چەندین کەسایەتیی ناوداری لایەنگری دراوە دیجیتاڵییەکان دەنگیان بەدەستهێناوە و هەڵبژێردراون.
لەدوای سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ زیاتر لە چوار ملیار دۆلار لە سندووقی ئاڵوگۆڕی بیتکۆین وەبەرهێنان کراوە کە لە بازاڕی بۆرسەی ناسداک تۆمارکراوە. ئەو سندووقە تەنیا سندووقێکی وەبەرهێنانە لە مامەڵەکانی بیتکۆین کە مۆڵەتی لە کۆمیسیۆنی ئاڵوگۆڕ و پشکەکانی ئەمریکا وەرگرتووە.
ترەمپ لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا سەرنجێکی زۆری خستبووە سەر دراوە دیجیتاڵییەکان؛ ئەو بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەمریکا دەکاتە "پایتەختی دراوە دیجیتاڵییەکان" و دەیکاتە بەشێک لە یەدەگی ئەمریکا.
لە یەکێک لە کۆنفرانسەکانی تایبەت بە بیتکۆینیش بەشداریی کرد و گوتارێکی پێشکێشکرد، تێیدا خۆی بە "سەرۆکی دراوە دیجیتاڵییەکان" ناوبرد.
ویل پێک، سەرۆکی سامانە دیجیتاڵییەکان سەر بە کۆمپانیای ویسدۆم تری دەڵێت، زۆر کەس چاوەڕێن بۆ ئەوەی بزانن ئایا ئیدارەی نوێی ئەمریکا یاسا و رێسای پەیوەست بە دراوە دیجیتاڵییەکان دەردەکات یان نا، بەڵام هێشتا زووە وەڵامی ئەو پرسیارە بدرێتەوە.
بەهۆی ئەو بەرزبوونەوە بەرچاوەی نرخی بیتکۆینەوە، قەبارەی بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەکان لە 24 کاژێری رابردوودا 3.7٪ بەرزبووەتەوە و گەیشتە 3 تریلیۆن و 230 ملیار دۆلار.
تەنیا قەبارەی بازاڕی بیتکۆین ئەمڕۆ نزیکەی 100 ملیار دۆلار زیادبووە و گەیشتووەتە زیاتر لە تریلیۆنێک و 923 ملیار دۆلار.