بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەرزبووەوە؛ 100 دۆلار بە 155,100 دینارە

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ بەهای دینار بەرامبەر دۆلار لەکاتی داخستندا بەرزبووەوە و 100 دۆلار بە 155 هەزار و 100 دینار مامەڵەی پێوە کرا.
 
رۆژی پێنجشەممە، 21-9-2023، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕی دراوی هەولێر، 100 دۆلار بە 156 هەزار و 400 دینار بوو، بەڵام لەکاتی داخستندا بەهای دینار بەرزبووەوە و 100 دۆلار بە 155 هەزار و 100 دینار مامەڵەی پێوەکرا.
 
هاوکات، لە شاری سلێمانیش لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا 100 دۆلار بە 156 هەزار دینار مامەڵەی پێوەکرا، بەڵام لەکاتی داخستندا بەهای دینار بەرزبووەوە و 100 دۆلار بە 155 هەزار و 250 دینار مامەڵەی پێوەکرا.
 
حاجی سابیر دەڵێت، ئەمڕۆ بەهای 100 دۆلار گەیشتە 154 هەزار و 100 دیناریش، بەڵام لە کاتی داخستندا بەرزبووەوە.
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر، "سەقامگیریی دۆخەکە و زیادکردنی فرۆشی نەختینەی دۆلار لە لایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە" بە هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی بەهای دینار ناودەبات و دەشڵێت، لە ئەگەری جێبەجێکردنی رێكارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق لە پێدانی 100 هەزار دۆلاری مانگانە بە بازرگانە بچووکەکان و پێدانی 750 هەزار دۆلاری هەفتانە بە نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو، بەهای دینار زیاتر بەرزدەبێتەوە.
 
ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق 198 ملیۆن و 623 هەزار و 942 دۆلاری فرۆشت؛ لەو بڕە 33 ملیۆن و 426 هەزار دۆلاری بە نەختینە و 165 ملیۆن و 197 هەزار و 942 دۆلاری بەشێوەی حەواڵە بوو.
 
بانکی ناوەندیی عێراق رۆژانە 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار دەفرۆشێت، بەڵام نەیتوانیوە بەهای دینار لە بازاڕەکاندا بەرامبەر دۆلار جێگیر بکات.