عێراق و BP بە گرێبەستی نوێ پەرە بە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک دەدەن

رووداو دیجیتاڵ

بەپێی زیاتر لە سەرچاوەیەک، عێراق و کۆمپانیای بریتیش پترۆلیۆم (BP)ـی بەریتانی رێککەوتوون لە پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک، کار بە گرێبەستی هاوبەشیی لە قازانج بکەن.
 
رۆژی پێنجشەممە، 1-8-2024 لە بەغدا یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای بریتیش پترۆلیۆم بۆ پەرەپێدانی چوار کێڵگەی نەوتی کەرکووک واژۆکرا.
 
یاداشتەکە بۆ شیاندنەوە و پەرەپێدانی کێڵگەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوورە، کێڵگەکانی ئاڤانا و باباگوڕگوڕ، بای حەسەن، جمبوور و خەبباز، دەگرێتەوە. لە هەمان کاتدا "دەکرێت رێککەوتن لەسەر کێڵگە یان ناوچەی دیکەی دۆزینەوە بکرێت بە رێککەوتنی هەردوولا."
 
بەپێی دوو سەرچاوە لە وەزارەتی نەوتی عێراق، گرێبەستەکان لە جۆری هاوبەشیکردن لە قازانج دەبن. دەشڵێن، پێشبینی دەکرێت ئەم هەفتەیە وەزارەتی نەوت و کۆمپانیا بەریتانییەکە، رێککەوتنێکی نهێنی لەمبارەیەوە واژۆ بکەن، دواتر وەزارەتی نەوت داتای چوار کێڵگەکە دەداتە بریتیش پترۆلیۆم.
 
رێککەوتنی کۆتاییش لە کۆتایی ئەمساڵدا دەکرێت و پێشبینی دەکرێت سەرەتای ساڵی داهاتوو تەواو ببێت.
 
د. گۆڤەند شێروانی، پسپۆری جیۆلۆجی نەوت لەبارەی هۆکاری هەڵبژاردنی ئەو جۆرە گرێبەستە بە رووداوی گوت، گرێبەستی خزمەتگوزاری لە عێراق زۆر سەرنجی کۆمپانیاکانی رانەکێشاوە، بۆیە عێراق روودەکاتە جۆری گرێبەستی هاوبەشیکردن لە قازانج و دەیەوێت سەرنجی کۆمپانیاکان رابکێشێت. 
 
بەپێی ئەو پسپۆڕە، لە گرێبەستی هاوبەشی لە قازانج، مەترسییەکان کەمترن، بەپێچەوانەی جۆری خزمەتگوزاریش، خەرجیی پەرەپێدانی کێڵگەکان لەسەر حکومەتە نەوەک کۆمپانیا.
 
د. گۆڤەند گوتیشی، لەو جۆرە نوێیەی عێراق بەکاریدەهێنێت، حکومەت و کۆمپانیای سەرکاری کێڵگەکانیش قازانج دەکەن لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.
 
رێژەی قازانجی کۆمپانیاکەش بەپێی رێککەوتن دەبێت لەگەڵ حکومەت. د. گۆڤەند دەڵێت، زۆرینەی کات قازانجی کۆمپانیاکان لەو جۆرە گرێبەستانە لە 15٪ بۆ 35٪ دەبێت. 
 
بە بڕوای ئەو پسپۆڕە، زیادکردنی بەرهەمی نەوتی کەرکووک ئاسان نییە. ئەگەر زیادیش بکرێت، کێشە بۆ هەناردەکردنی دروست دەبێت، بۆیە دەبێت حکومەتی عێراق لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان رێکبکەوێت تاوەکو لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا هەناردە بکرێت، چونکە لە رێگەی ئەو بۆرییەوە دەتوانرێت رۆژانە تاوەکو ملیۆن بەرمیلیش، نەوت هەناردە بکرێت.
 
کۆمپانیا بەریتانییەکە لە ساڵی 2013 گرێبەستێکی لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکانی نەوتی کەرکووک و زیادکردنی بەرهەمیان واژۆکرد، لەدوای هاتنی داعش لەساڵی 2014، کارەکانی راگرت، بەڵام لەدوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، جارێکی دیکە گەڕایەوە کەرکووک.
 
رۆژی 21ـی کانوونی دووەمی 2020، بەهۆی نەگەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی لەگەڵ حکومەتی عێراق لەبارەی گرێبەستەکەی نێوانیان، کۆمپانیاکە کارەکانی لە کەرکووک بەتەواوەتی راگرت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی دوای تەواوبوونی گرێبەستە 100 ملیۆن دۆلارییەکەی نێوانیان، هیچ رێککەوتنێک بۆ فراوانکردنی کێڵگەکان نەکرا.
 
ئێستا بەرهەمهێنانی رۆژانەی کێڵگەکانی نەوتی کەرکووک 370 هەزار بەرمیل دەبێت، کە بەشی زۆری بۆ پاڵاوگەی بێجی دەڕوات و بەشێکیشی بۆ پاڵاوگەی کەرکووکە، ئەوەی دەمێنێتەوە هەناردەی ئوردن دەکرێت.