لە پارێزگای دهۆک 13 ملیار دیناری جووتیاران دابەشدەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
سبەی لە پارێزگای دهۆک دەست بە دابەشکردنی 13 ملیار دینار پارەی گەنمی جووتیاران دەکرێت. سێ رۆژە لە پارێزگای هەولێر دەست بە دابەشکردنی 18 ملیار دینار کراوە. بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانیش دەڵێت، دوێنێ دەستیان بە دابەشکردنی 27 ملیار دیناری جووتیاران کردووە و سبەی رەنگە دابەشکردن تەواو بێت.
رۆژی دووشەممە 21-08-2023، نازم محەممەد، بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی دهۆک بە رووداوی گوت، لە دهۆک لە رێگەی سێ سایلۆوە گەنم لە جووتیاران وەرگیرا، ئەوانیش فایدە، شێخان و زاخۆ بوون. دوێنێ 13 ملیار دینارمان بەسەر بانکەکانی ئەو سێ سایلۆیەدا دابەشکردووە کە سایلۆی فایدە چوار ملیار و 610 ملیۆن دینار؛ شێخان چوار ملیار و 801 ملیۆن دینار و سایلۆی زاخۆش سێ ملیار و 580 ملیۆن دیناری بەرکەوتووە، کە کۆی گشتی 13 ملیار دینارە."
بەگوتەی بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی دهۆک، سبەی لە هەر سێ سایلۆکەدا دەست بە دابەشکردنی بەشی پێنجەمی پارەی گەنمی جووتیارانی پارێزگاکەیان دەکەن و جووتیاران دەتوانن سەردانی سایلۆکان بکەن بۆ وەرگرتنی پارەکانیان و دەڵێت، "تاوەکو ئێستا 38 ملیار و 500 ملیۆن دینارمان بۆ خەرجکراوە و نزیکەی 63 ملیار دیناری دیکە ماوە."
لە سایلۆی هەولێر، ماوەی دوو رۆژە دەست بە دابەشکردنی 18 ملیار دیناری جووتیاران کراوە. سەعید عومەر، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "18 ملیار دینارمان بۆ خەرجکراوە و دوو رۆژە دەستمان بە دابەشکردنی کردووە. بەو 18 ملیار دینارەوە، تاوەکو ئێستا 36 ملیار دینارمان بۆ خەرجکراوە و نزیکەی 80 ملیار دیناری دیکە ماوە."
بەگوتەی سەعید عومەر "دەگوترێت لە بەغداوە پارەی دیکەش دەنێردرێت بۆ ئەوەی هەموو پارەی جووتیاران خەرجبکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ نەنێردراوە."
لە سنووری پارێزگای سلێمانی، سبەی دابەشکردنی 27 ملیار دیناری جووتیاران تەواو دەبێت. کامەران وریا، بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەگەڵ گەیشتنی پارەکە، دەست بە دابەشکردنی کرا. رەنگە سبەی دابەشکردنەکەش تەواو بێت."
بەگوتەی کامەران وریا، لە کۆی نزیکەی 190 ملیار دینار، تائێستا 62 ملیار دینار خەرجکراوە و نزیکەی 128 ملیار دینار ماوە خەرجبکرێت، دەڵێت، "بەغدا بەش بەش پارەی گەنمی جووتیاران دەنێرێت و گوایە دەبێت ئەم ماوەیە دووبارە پارە بنێرن."
پار بەهۆی وشكەساڵی و کەمبارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت. ئەمساڵ بەرهەم زۆربوو و بۆ وەرگرتنەکەی، حکومەتی عێراق وەرگرتنی گەنمی سنووردارکرد و تەنیا 500 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرت.
پار لە پارێزگای هەولێر 117 هەزار و 773 تۆن، لە سلێمانی 136 هەزار و 500 تۆن گەنم و لە دهۆک 52 هەزار و 195 تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیرا.