ئیلۆن مەسک لە 24 کاژێردا زیاتر لە 20 ملیار دۆلاری لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ

لە دوێنێوە تاوەکو ئەمڕۆ بەهۆی دابەزینی پشکەکانی کۆمپانیای تێسلاوە، سامانی ئیلۆن مەسک زیاتر لە 20 ملیار دۆلار دابەزیوە.
 
بەپێی پێنوێنی بلوومبێرگ بۆ ملیاردێرەکانی جیهان، لە ماوەی یەک رۆژدا سامانی ئیلۆن مەسک، گەورەترین ملیاردێری جیهان و خاوەن کۆمپانیای تێسلا بۆ بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بە بڕی 20 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار دابەزیوە و گەیشتووەتە 234 ملیار دۆلار، بەوەش جیاوازییەکەی لەگەڵ بێرنارد ئارنۆ، دووەم گەورە ملیاردێڕی جیهان بۆ 33 ملیار دۆلار کەمبووەوە. 
 
کەمبوونەوەی سامانی گەورەترین ملیاردێری جیهان دوای ئەوە هات، کە لە بەیانیی دوێنێ پێنجشەممەوە تاوەکو ئێستا نرخی هەر پشکێکی تێسلا لە 292 دۆلارەوە بۆ نزیکەی 260 دۆلار دابەزیوە.
 
هەرچەندە لەسەر ئاستی چارەکەکاندا قازانجەکانی تێسلا لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا 20٪ زیادبوو، بەڵام کۆمپانیاکە دواتر هۆشداریی دا لەوەی رەنگە قازانجەکانی کەمببنەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە کۆمپانیاکە نرخی ئۆتۆمبێلەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزاندووە و ئەوەش هۆکاری سەرەکیی زیادبوونی قازانجەکانی بووە.
 
مەسک رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، تێسلا دەبێت بەردەوام بێت لە دابەزاندنی نرخەکان، ئەگەر بیەوێت بەردەوام بێت لە بەرزکردنەوەی قازانجەکانی.
 
هۆکاری سەرەکیی زیادبوونی سامانی مەسکی تەمەن 52 ساڵ، لە پشکەکانی لە کۆمپانیای تێسلاوە سەرچاوە دەگرێت، ئەمە جگە لە پشکەکانی لە کۆمپانیای سپەیس ئێکس و تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر. 
 
لەمساڵدا تائێستا سامانی ئیلۆن مەسک نزیکەی 118 ملیار دۆلار زیادیکردووە، چونکە لەوکاتەوە نرخی پشکەکانی تێسلا 136% بەرزبوونەتەوە.