نرخی بیتکۆین زیاتر لە هەزار دۆلار بەرزبووەوە


رووداو دیجیتاڵ

نرخی بیتکۆین لە کەمتر لە 24 کاژێری رابردوودا زیاتر لە هەزار دۆلار بەرزبووەوە و هەر بیتکۆینێک گەیشتە سەرووی 29 هەزار دۆلار.

بەرزبوونەوەی نرخی بیتکۆین لە 15ـی ئەم مانگەوە دەستیپێکرد، کاتێک بلۆک رۆک، گەورە کۆمپانیای ئەمریکی بواری وەبەرهێنان بە فەرمی داواکاریی پێشکێشی کۆمیسیۆنی ئاڵوگۆڕی ئەمریکا کرد تاوەکو خۆی لە مامەڵەکانی بیتکۆین تۆمار بکات.
 
ئەوکاتە نرخی بیتکۆین نزیکەی 25 هەزار و 300 دۆلار بوو؛ بەم پێیە، لەوکاتەوە نرخی هەر بیتکۆینێک زیاتر لە چوار هەزار دۆلار بەرزبووەتەوە.
 
تەنیا ئەمڕۆش نرخی یەک بیتکۆین نزیکەی هەزار و 300 دۆلار بەرزبووەتەوە هەر بیتکۆینێک بە 29 هەزار و 500 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
دوای کۆمپانیای بلۆک رۆک، دوو گەورە کۆمپانیای دیکە؛ "ویزدەم تری" و "ئینڤێسکۆ"ـش هەمان داواکارییان پێشکێش بە کۆمیسیۆنەکە کرد. لەدوای ئەوکاتەوە، نرخی بیتکۆین بەردەوام بەرزبووەتەوە.
 
هاوکات نرخی ئیسێریومیش کە دووەم گەورەترین دراوی دیجیتاڵیی جیهانە لەدوای بیتکۆین، نزیکەی 40 دۆلار بەرزبووەوە و هەر ئیسێریۆمێک بە هەزار و 824 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
بەهۆی بەرزبوونەوەکەی ئەمڕۆی بیتکۆینەوە، کۆی سەرمایەی دراوە دیجیتاڵییەکان 6.2٪ بەرزبووەوە و گەیشتە ترلیۆنێک و 180 ملیار دۆلار.
 
بەرزبوونەوەی نرخی بیتکۆین لەکاتێکدایە، رۆژی 5ـی ئەم مانگە، نرخی بیتکۆین زیاتر لە 1800 دۆلار دابەزی. ئەوەش دوای ئەوەی کۆمیسیۆنی ئاڵوگۆڕی ئەمریکا گەورترین سەکۆی دراوە دیجیتاڵییەکانی لە جیهاندا بە پێشێلکردنی یاسا ئەمنییەکان تۆمەتبار کرد.
 
ئەوکاتە، نرخی هەر بیتکۆینێک نزیکەی 6%، یان 1660 دۆلار دابەزی و هەر بیتکۆینێک بە 25 هەزار و 600 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. ئەمەش نزمترین ئاستی نرخی بیتکۆین بوو لە دوای مانگی ئاداری ئەمساڵ.