مامەڵەی گومرگی لە ئیبراهیم خەلیل و فڕۆکەخانەی هەولێر بە دۆلارە


رووداو دیجیتاڵ

دوای زیاتر لە دوو مانگ بەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ گۆڕینی مامەڵەکردن لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان لە دۆلارەوە بۆ دینار، هێشتا مامەڵەکردن لە دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە دۆلارە. بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، "گشتاندنمان بۆ هەموو دەروازەکان کردووە، بەڵام ئیبراهیم خەلیل و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەڵێن، بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە پێویستیان بە کاتە".
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی 16-10-2023 لە نووسراوێکدا بە بڕیارى ژمارە 227ـى ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە لە 20ـی ئەیلوولی 2023 گشتێندراوە، رایگەیاند، "پشتبەست بە حکومەکانی مادەى هەشتەم لە یاساى ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ژمارە 3ـى ساڵی 1992ـى هەموارکراو، لەسەر پێشنیازى وەزیرى دارایی و ئابووری، بڕیاردرا بە وەرگرتنی رەسم و باجی گومرگی لە دەروازە سنوورى و خاڵە گومرگییەکان تەنیا بە دینارى عێراق".
 
رۆژی چوارشەممە، 20-12-2023، ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ھەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "گشتاندنمان بۆ بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ هەموو دەروازەکان کردووە، بەڵام ئیبراهیم خەلیل و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئاگاداریان کردووینەتەوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە پێویستیان بە کاتە، بێئەوەی بڵێن چەند کاتیان پێویستە."
 
ساماڵ عەبدولڕەحمان دەڵێت، "دەروازەکانی دیکە مامەڵەکانیان پێشتریش هەر دینار بووە، بەڵام لە رابردوودا هەندێک کات لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی هەندێک مامەڵەمان بە دۆلار بوو؛ بۆیە گشتاندنمان بۆ بڕیارەکە کرد بۆ ئەوەی ئەگەر لەو دەروازانەش هەبوو نەمێنێت".
 
"دەروازەی نافەرمیمان نییە و داوامان لە عێراق کردووە سەردانی دەروازەکان بکەن"
 
رۆژی 10ـی 12ی 2023، شاندی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوون لە رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری و ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان گەیشتنە بەغدا و دوو کۆبوونەوەیان کرد لەبارەی پرسی سیاسەتی گومرگی عێراق و هەرێمی کوردستان، هەموارکردنەوەی یاسای دەروازە سنوورییەکان و چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتانەی لەسەر ئەو پرسانە لەنێوان هەردوولادا هەن. 
 
ساماڵ عەبدولڕەحمان گوتی، "لە هەر دوو کۆبوونەوەمان باس لەوە کراوە لیژنەیەکی هاوبەش دروست بکرێت و سەردانی هەموو ئەو دەروازانە بکرێت کە عێراق پێی وایە نافەرمین، ئەوانەی مەرجەکانی دەروازەیان تێدایە رەزامەندی لەسەر بدرێت و ئەوانەی کە هەندێک کەموکورتی تێدایە ئاگادارمان بکەنەوە بۆ ئەوەی کەموکورتییەکان چارەسەربکەین، ئەوانەش کە مەرجەکانی دەروازەیان تێدا نییە با دابخرێن."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان، هیچ دەروازەیەکی نافەرمی لە هەرێمی کوردستان نییە و دەشڵێت، "سەرەتا دەبێت لە ئەنجامی کۆبوونەوەکانمان کۆنووسێک ئامادەبکرێت و واژۆ بکرێت، لە چوارچێوەی ئەو کۆنووسەش رەزامەندی دراوە لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ کۆتاییهێنان بەو پرسە، چونکە ئەوان ئاماژە بەوە دەدەن جگە لە حەوت دەروازەی نافەرمی 20 بۆ 22 دەروازەی نافەرمی دیکە هەن کە ئەوانە هەموو رێڕەو بوونە و ئێستا لەلایەن پاسەوانی سنوورەوە داخراوە."
 
بەپێی یاسای بودجە، رێژەی 50٪ـی داهاتی دەروازە سنوورییەکان دەچێتەوە عێراق. لەوبارەوە بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان گوتی، "ئەو 50٪ـە هەندێک کێشەمان لەگەڵی هەیە، چونکە تاوەکو ئێستا دیار نییە چی داهاتێک فیدراڵییە و چی داهاتێک فیدراڵی نییە، بەڵام ئەگەر یاساکە هەموارکرایەوە ئەوە ئەو خاڵانە دیاری دەکەین کە پێویستی بە هەموارکردنەوەیە".