بانکی ناوەندیی تورکیا رێژەی سوودی وەک خۆی هێشتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بۆ پێنجەمین مانگ لەسەریەک، بانکی ناوەندیی تورکیا رێژەی سوودی بە جێگیری هێشتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بە وریاییەوە لەگەڵ مەترسییەکانی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان مامەڵە دەکەن.
بانکەکە هیچ ئاماژەیەکی بە کاتی کەمکردنەوەی رێژەکە نەداوە، بەڵام پێشبینیی زۆرینەی ئابووریناسان و شارەزایانی ئابووریی تورکیا ئەوەیە لە کۆتایی ئەم ساڵدا بێت.
لیژنەی سیاسەتی نەختینەیی سەر بە بانکی ناوەندیی تورکیا دەڵێت، سەرنجی تەواویان لەسەر بەردەوامیی دابەزینی هەڵاوسانە بەپێی پێشبینییەکانیان.
ئاداری ئەم ساڵ، تورکیا رێژەی سوودی 5.0% زیادکرد و گەیاندیە 50%، لەو کاتەوە رێژەکەی بە جێگیری هێشتووەتەوە.
بانکی ناوەندیی تورکیا لە دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی ئایاری 2023 دەستی بە بەرزکردنەوەی رێژەی سوود کرد. پێش ئەو هەڵبژاردنە رێژەی سوودی بانکی لە تورکیا 8.5% بوو.
بانکی ناوەندیی تورکیا دەڵێت، ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن لە چارەکی سێیەمی ئەم ساڵدا خواستی بەکاربەرانی نێوخۆ بەردەوام دەبێت لە خاوبوونەوە، ئەوەش کاریگەری لەسەر دابەزینی هەڵاوسان دەبێت.
بەپێی دەستەی ئاماری تورکیا، لە مانگی تەمموزدا هەڵاوسان لە 71.60%ـەوە بۆ 61.80% دابەزیوە؛ پێشبینی دەکرێت دابەزینی هەڵاوسان بەردەوام بێت، بەڵام ماوەی دابەزینەکەی درێژخایەن بێت.
سەرەتای ئەم مانگە، بانکی ناوەندیی تورکیا رایگەیاند، پێشبینی دەکەن ئەم ساڵ هەڵاوسان بۆ 38% و ساڵی داهاتووش بۆ 14% دابەزێت، لە کۆتایی ساڵی 2026ـیشدا بۆ 9% دابەزێت.