بانکی ناوەندیی تورکیا سوودی بانکی بەرزکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە رێژەی سوودی بانکی رێژەی سوودی بانکی لە 15٪ بۆ 17.5٪ بەرزکردەوە. لە کاتێکدا ئابووریناسان پێشبینییان دەکرد بۆ 20٪ بەرز بکرێتەوە.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ـی تەممووزی 2023، ئەنجوومەنی سیاسەتی نەختینەیی دراوی بانکی ناوەندیی تورکیا بە سەرۆکایەتیی حافیزە گایە، سەرۆکی بانکی ناوەندی کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا بانکی ناوەندیی تورکیا بڕیاریدا بە زیادکردنی 250 خاڵ و بەمەش سوودی بانکی بۆ 17.5٪ بەرزکرایەوە.
لە دەقی بڕیارەکەیدا بانکی ناوەندیی تورکیادا هاتووە، بڕیاردراوە بەردەوام بێت لە جێبەجێکردنی ئەو رێکارانەی کە دەبنە هۆی کەمبوونەوەی هەڵاوسان.
بانکەکە ئاماژەی بەوەشداوە، هەڵاوسانی جیهانی کەمی کردووە، بەڵام هێشتا لە سەرووی تێکڕای درێژخایەن و ئامانجەکانی بانکە ناوەندییەکانە.
پێشبینیی ئابووریناسان بەو ئاراستەیە بوو، کە بانکی ناوەندیی تورکیا رێژەی سوودی بانکی بۆ 20٪ بەرز بکاتەوە.
بەر لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیا لە 14ـی ئایاردا، یەک دۆلار بە 19.60 لیرە مامەڵەی پێوە دەکرا؛ لە دووەم گەڕی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا کە لە 28ـی ئایار کرا، بۆ یەکەم جار بەهای یەک دۆلار 20 لیرەی تێپەڕاند و دوای هەڵبژاردنەکان بۆ یەکەمجار لە 26ـی حوزەیراندا بەهای یەک دۆلار گەیشتە 26 لیرە.
رۆژی 22ـی حوزەیرانی 2023، بانکی ناوەندیی تورکیا رێژەی سوودی بانکی بە 650 خاڵی بنەڕەتی یان بە رێژەی 6.50٪ زیادکرد و رێژەکەی گەیاندە 15٪، ئەوەش کەمتر بوو لە ئاستی پێشبینییەکان.
لە ماوەی یەک مانگ لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتەوە لیرەی تورکی نزیکەی 30٪ـی بەهای لەدەستداوە.
ئەمە لە کاتێکدایە بانکی ناوەندیی تورکیا ساڵی رابردوو چوار جار لەسەر یەک سوودی بانکی کەمکردەوە و لە کۆبوونەوەی شوباتی ئەمساڵیدا سوودی بانکی لە 9٪ بۆ 8.5٪ کەمکردبووەوە.