وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا بۆ رووداو: بۆ رەخساندنی ژینگەی لەبار بۆ کاری کۆمپانیاکانمان لەگەڵ عێراق لە هاوئاهەنگیدان
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند: "لە پێناو رەخساندنی ژینگەیەکی لەبار" بۆ کۆمپانیا نەوتییەکانی وڵاتەکەیان لە عێراق، لەگەڵ بەغدا "زۆر لە نزیکەوە" لە هاوئاهەنگیدان.
زیاتر لە ساڵێکە ژمارەیەک کۆمپانیا کە لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستاندا کاریان دەکرد، بەهۆی هەبوونی ناکۆکی لەگەڵ بەغدا لەسەر گرێبەستەکانیان، لە کارکردن وەستاون، ئەوەش دوای بڕیارێکی ئاداری ساڵی 2023ی دادگەی ناوبژیوانی پاریس.
وێڕای ئەوەی هەولێر و بەغدا لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە ژێر سەرپەرشتیی وەزارەتی نەوتی فیدراڵیدا رێککەوتوون، کۆمپانیاکان بەرهەمهێنانی نەوتیان دەستپێنەکردووەتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لەسەر حەقدەست رێکناکەون.
دیار کوردە، پەیامنێری رووداو لە واشنتن، پرسیاری لە ئارون ڤێنکاتارامان، یاریدەدەری وەزیری بازرگانیی ئەمریکا بۆ بازاڕی جیهانی و خزمەتگوزاری بازرگانی بیانی کرد کە بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە، چۆن کار لەگەڵ بەغدا و هەولێر دەکەن.
بەرپرسە ئەمریکییەکە لە وەڵامدا گوتی: "زۆر لە نزیکەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق کاردەکەین لە پێناو رەخساندنی ژینگەیەکی لەبار، نەوەک تەنیا بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان، بەڵکو بۆ کۆمپانیای کەرتە جیاوازەکانی دیکەش بۆ ئەوەی لە گەشەکردنی عێراقدا بەشدار بن."
ڤێنکاتارامان ئاماژەی بەوە کرد کە واشنتن "هەڵوەستە لەسەر ژمارەیەک بەربەست و ئاڵنگاریی بەردەم بازرگانی"ی کۆمپانیاکانیان لە عێراق دەکات؛ گوتیشی، "لە نزیکەوە" کار لەگەڵ حکومەتی عێراق دەکەن بۆ دیاریکردنی ئەو کەرتانەی کە پێیانوایە "دەرفەتی ئەوەیان تێدایە کۆمپانیا ئەمریکییەکان وەبەرهێنانیان تێدابکەن".
ڤێنکاتارامان گوتی: "دەزانین کە خاڵە گرنگەکان بۆ حکومەت[ی عێراق] لە سیاسەتی گەشەپێدانی ئابوورییدا ئەوانەن کە کۆمپانیا ئەمریکییەکانمان دەتوانن رۆڵی تێدا بگێڕێن؛ بەردەوامین لە کارکردن لەگەڵیان بۆ ئەوەی ژینگەیەک بۆ کۆمپانیاکانمان بڕەخسێنین تاوەکو بتوانن سەرکەوتوو بن، چونکە دەزانین کاتێک کۆمپانیاکانمان لە عێراق سەرکەوتوو دەبن، عێراقیش لە بەدەستهێنانی ئامانجەکانی سەرکەوتوو دەبێت."
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ یاریدەدەری وەزیری وزەی ئەمریکا بۆ بازاڕی جیهانی و خزمەتگوزاری بازرگانی بیانی:
رووداو: ئێستا کە باس لە وەبەرهێنانی بیانی لە ئەمریکا دەکەین، دەمەوێت ئەم دەرفەتە بەکاربێنم بۆ قسەکردن لەسەر وەبەرهێنانی ئەمریکی لە عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراق کە کۆمپانیا نەوتییەکانی ئەمریکا لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان کاردەکەن، بەڵام بەهۆی وەستانی هەناردەکردنی نەوتەوە رووبەرووی ژمارەیەک ئاستەنگ بوونەتەوە کە زیاتر لە ساڵێکە کارەکانیان وەستاوە. روانینی وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا لەسەر ئەم پرسە چییە؟ چۆن کار لەگەڵ حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە؟
ئارون ڤێنکاتارامان، یاریدەدەری وەزیری وزەی ئەمریکا بۆ بازاڕی جیهانی و خزمەتگوزاری بازرگانی بیانی: پێش هەموو شتێک، زۆر لە نزیکەوە کار لەگەڵ حکومەتی عێراق دەکەین لە پێناو رەخساندنی ژینگەیەکی لەبار، نەوەک تەنیا بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان، بەڵکو بۆ کۆمپانیای کەرتە جیاوازەکانی دیکەش بۆ ئەوەی لە گەشەکردنی عێراقدا بەشدار بن. ئێمە سەبارەت بە خۆمان، هەڵوەستە لەسەر ژمارەیەک بەربەست و ئاڵنگاریی بەردەم بازرگانیکردن لە عێراق دەکەین. لە نزیکەوە کار لەگەڵ حکومەت دەکەین بۆ دیاریکردنی ئەو کەرتانەی کە پێمان وایە دەرفەتی ئەوەیان تێدایە کۆمپانیا ئەمریکییەکان وەبەرهێنانیان تێدابکەن. دەزانین کە پێویستییەکانی عێراق زۆرن؛ دەشزانین کە خاڵە گرنگەکان بۆ حکومەت[ی عێراق] لە سیاسەتی گەشەپێدانی ئابوورییدا ئەوانەن کە کۆمپانیا ئەمریکییەکانمان دەتوانن رۆڵی تێدا بگڕێن. بەردەوامین لە کارکردن لەگەڵیان بۆ ئەوەی ژینگەیەک بۆ کۆمپانیاکانمان بڕەخسێنین تاوەکو بتوانن سەرکەوتوو بن، چونکە دەزانین، کاتێک کۆمپانیاکانمان لە عێراق سەرکەوتوو دەبن، عێراقیش لە بەدەستهێنانی ئامانجەکانیدا سەرکەوتوو دەبێت."