وەزیری نەوتی هیندستان: دەمانەوێت نەوتی زیاتری عێراق بکڕین


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری نەوتی عێراق لە نیودەلهیی پایتەختی هیندستان لەگەڵ وەزیری نەوتی ئەو وڵاتە کۆبووەوە. وەزیری نەوتی هیندستان دەڵێت، "دەمانەوێت نەوتی زیاتری عێراق بکڕین".
 
رۆژی سێشەممە، 20.6.2023، هاردیپ سینگ پوری، وەزیری نەوتی هیندستان دوای کۆبوونەوە لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لە تویتێکدا رایگەیاند، هیندستان دەیەوێت کڕینی نەوتی عێراق زیاتر بکات کە ئێستا ساڵانە ملیارێک بەرمیلە.
 
پێشتر عێراق گەورەترین دابینکاری نەوتی هیندستان بوو، بەڵام ئێستا دوای رووسیا بووەتە دووەم گەورەترین دابینکاری نەوتی هیندستان، چونکە پاڵاوگەکانی هیندستان کڕینی نەوتی رووسیایان زیادکردووە کە لەدوای دەستپێکردنی شەڕی ئۆکرایناوە بە نرخێکی کەمتر لە بازاڕەکان دەفرۆشرێت.
 
پوری دەڵێت، هیندستان دووەم گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی عێراقە و قەبارەی بازرگانیی ساڵانەی نێوانیان دەگاتە 37 ملیار دۆلار.
 
وەزیری نەوتی هیندستان گوتی، "جگە لە بابەتەکانی پەیوەست بە بازرگانیی نەوت و وزە، باسمان لە چۆنیەتیی فراوانکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان و پتەوکردنی هاوئاهەنگییەکانمان لە بوارەکانی دیکەدا کرد، لەوانە بازرگانی و وەبەرهێنان، پەروەردە و تەندروستی و وەرزش".
 
بەپێی ئاماری دامەزراوەی ڤۆرتێکسا کە تایبەتە بە بواری نەوت، لە نیسانی ئەمساڵدا عێراق رۆژانە 812 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی هیندستان کردووە، لەکاتێکدا رووسیا ملیۆنێک و 680 هەزار بەرمیل نەوتی لە رۆژێکدا هەناردەی هیندستان کردووە.
 
بەپێی ئامارەکانی ڤۆرتێکسای تایبەت بە بەدواداچوونی وزە، هیندستان لە مانگی کانوونی دووەمی 2021ـدا تەنیا 36 هەزار و 255 بەرمیل نەوتی خاوی لە رۆژێکدا لە رووسیاوە هاوردە کردووە، ئەوش لەکاتێکدایە لەو مانگەدا هیندستان یەک ملیۆن و 50 هەزار بەرمیلی نەوتی رۆژانەی لە عێراق و 952 هەزار و 625ـیشی لە سعودیەوە هاوردەکردبوو.