دوایین کەشتی کە چاوەڕوانی نەوتی کوردستان بوو، بە بەتاڵی بەندەری جەیهانی جێهێشت


رووداو دیجیتاڵ

دوایین کەشتیی نەوت هەڵگر لە دەریای نێوەڕاست کە زیاتر لە دوو مانگە چاوەڕوانی گەیشتنی نەوتی باشووری کوردستانە، بەهۆی رێکنەکەوتن لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت، بە بەتاڵی بەندەری جەیهانی جێهێشت.
 
بەپێی دامەزراوەکانی بەدواداچوونی جووڵەی کەشتییەکان، کەشتیی "نیسۆن کیا" کە یەکێکە لە گەورەترین کەشتییە نەوت هەڵگرەکانی جیهان و توانای هەڵگرتنی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی هەیە، لە 9ـی ئەم مانگە بەندەرەکەی جێهێشتووە.
 
بەپێی ئاماژەکانی مانگە دەستکردەکان کە لەلایەن کەشتییەکەوە گوێزراوەتەوە، دەردەکەوێت کە نیسۆن کیا لەکاتی جێهێشتنی کەناراوەکانی تورکیادا بەتاڵ بووە.
 
بەپێی ئاماژەکان، کەشتییەکە بە نۆکەندی سوێسدا تێپەڕیوە بۆ ناو دەریای سوور و ئێستا لە بەندەری ئیلاتی ئیسرائیل لەنگەری گرتووە. کەشتییەکە ئاماژەی ئەوەی ناردووە کە دەچێتە بەندەری عەقەبە لە ئوردن، بەڵام تاوەکو ئێستا گەشتی بۆ ئەو بەندەرە دەستپێنەکردووە.
 
ئەمە لەکاتێكدایە دوێنێ دووشەممە شاندی تورکیا و عێراق لە بەغدا بە بەشداریی نوێنەری هەرێمی کوردستان، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە، بەڵام نەگەیشتنە هیچ رێککەوتنێک.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون لەنێو کۆبوونەوەکەدا کە نوێنەری هەرێمی کوردستانیش بەشدار بووە، شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی وزەی تورکیا لەسەر چەند بابەتێک ناکۆک بوونە، لەوانە؛ بابەتی بۆریی نەوت یەکێک بووە لە کێشەکان، عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە لەوکاتەوەی هەناردەکردنی نەوت راگیراوە ئامادەنییە پارەی کرێی بۆریی نەوتی نێو خاکی تورکیا تاوەکو بەندەری جەیهان بدات کە بەپێی بنەما نێودەوڵەتییەکان پێویستە کرێی بۆری بدات، بەڵام عێراق دەڵێت: لەبەر ئەوەی هەناردەکردنی نەوت بە بڕیارێک راگیراوە، ئەوا کرێکەی نادات، هەرکاتێک هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکاتەوە، ئەوا ئامادەیە کرێی ئەو بۆرییە بدات. 
 
بابەتێکی دیکە ئەو پارەیەی دادگەی نێوبژیوانیی پاریسە کە بەسەر تورکیای سەپاندووە و ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلارە، چۆن بدرێتەوە؟. هەروەها سکاڵاکەی دادگەی پاریس، تورکیا داوایکردووە سکاڵاکە هەڵبگیرێت، تورکیا پارەکەی بۆ بکرێتە قیست، بەڵام حکومەتی عێراق رایگەیاندووە سەرەتا وەک نیازپاکی رێگە بدات هەناردنی نەوت دەستپێبکاتەوە دواتر باسی دادگە و پارەکە دەکەن.
 
هەروەها بەرپرسێکی نزیک لە کۆبوونەوەکان کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی رۆیتەرزی گوتووە: "ئێمە لەبارەی هەموو لایەنە تەکنیکییەکان تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتەکە، گفتوگۆ دەکەین؛ ئەمڕۆ بڕیاری هەناردەکردنی نەوتەکە نادرێت و پێشبینی کۆبوونەوەی زیاتر دەکەین." 
 
رۆژی 25ـی ئاداری 2023 هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک دوای بڕیارێکی دوو رۆژ پێشی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، راگیرا. دادگەکە لەسەر سکاڵای عێراق لە دژی تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری لە بەرژەوەندیی عێراق دا و لەسەر بنچینەی ئەو بڕیارەش هەناردەکردنی نەوتی کوردستان راگیرا و تورکیا رایگەیاند، بەو بڕیارە پابەند دەبێت. تائێستاش هەناردەکردن دەستی پێنەکردووەتەوە.