نیوەی زێڕی ئێران لە سنە بەرهەمدێت

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی هاوئاهەنگیی کاروباری وەبەرهێنان و هەلی کار لە پارێزگای سنە رایدەگەیێنێت، نیوەی زێڕی هەموو ئێران لە پارێزگای سنە بەرهەمدێت.
 
کەمال حوسێنی، بەڕێوەبەری گشتیی هاوئاهەنگیی کاروباری وەبەرهێنان و هەلی کار لە پارێزگای سنە رایگەیاند، ساڵانە لەو پارێزگایە 5 تۆن زێڕ بەرهەمدێت و لە رووی بەرهەمهێنانی زێڕەوە پارێزگاکە لەسەر ئاستی هەموو ئێران یەکەمە.
 
حوسێنی گوتی، پارێزگای سنە بە تەنیا 50٪ـی زێڕی هەموو ئێران بەرهەم دەهێنێت.
 
لە پارێزگای سنە، چوار کانی گەورەی زێڕ هەن؛ کانی زێڕی ساریگوونەی لە قوروە، کانی زێڕی قەلقەلە و مەرگەنە لە سەقز، هەروەها کانی زێڕی زەرزیما لە کامێران. 
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، 18 جۆر کانزا لە پارێزگای سنە دا هەن و ئێستا 209 یەکەی کانزایی لە سنووری پارێزگاکە چالاکن و کاریان تێدا دەکرێت.
 
پێشتر ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنە رایگەیاندبوو، یەدەگی کانزاکانی ئەو پارێزگایە زیاتر لە یەک ملیار تۆنە. داوای لە حکومەتی ئێران کردبوو، وەبەرهێنانی زیاتر لە کانەکانی ئەو پارێزگایەدا بکات.
 
ئێران، یەکێک لەو وڵاتانەیە کە زۆرترین زێڕ بەرهەم دەهێنن. کانەکانی زێڕی ئێران دەکەونە پارێزگاکانی ورمێ، سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان و پارێزگاکانی ئازەربایجانی رۆژهەڵات، خوراسانی رەزەوی، خوراسانی باشوور، سیستان و بەلووچستان، سمنان و زەنجان.
 
بەپێی بەڕێوەبەرایەتیی گەشەپێدان و نۆژەنکرنەوەی کانەکانی ئێران، یەدەگی زێڕ لە هەموو کانەکانی ئەو وڵاتە بە نزیکەی 300 تۆن دەخەمڵێنرێت.