باڵیۆزی عێراق لە چین: ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان لەگەڵ چین دەگاتە 50 ملیار دۆلار

رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزی عێراق لە چین دەڵێت، بەغدا بەنیازە زۆر چالاکتر دەربکەوێت و بەندەری فاو لە رێگەی هێڵی شەمەندەفەری عێراق-تورکیا بکاتە بەشێک لە پشتێنەی ئاوریشم''، گوتیشی، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئەم دوو وڵاتە، دەگاتە 50 ملیار دۆلار.
 
شۆڕش خالید، باڵیۆزی عێراق لە چین، رۆژی چوارشەممە (18-10-2023) لە رێوڕەسمێکدا کە تایبەت بوو بە رێگەی ئاوریشم بە مەهدی فەرەج، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداوی لە پەکین گوت، ئەمساڵ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و چین دەگاتە 50 ملیار دۆلار.
 
شۆڕش خالید ئاماژەی بەوە کرد، ساڵی رابردووش بەراورد بە ساڵی 2021، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئەم دوو وڵاتە 43٪ زیادی کرد و گەیشتە 53 ملیار دۆلار، هۆکارەکەشی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەهۆی شەڕی رووسیا و ئۆکراینا دەگەڕێنێتەوە.
 
بەگوتەی باڵیۆزی عێراق لە چین، لە داهاتوودا ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و چین زیاتر دەبێت، ''بەتایبەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کە کۆمەڵێک کۆمپانیای چینیی باشی لێیە.''
 
لە ساڵى 2019 عێراق و چین رێککەوتننامەیەکى فرەلایەنەیان لە پەکین واژۆ کرد، لە پاش دانوستاندنى نێوان عادل عەبدولمەهدى، سەرۆکوەزیرانى ئەوکاتی عێراق، لەگەڵ یی چیانگ، سەرۆکى ئەنجوومەنى دەوڵەتى چین. دیارترین خاڵەکانى ئەو رێککەوتنە ئەوەیە؛ چین بەشداری لە پرۆسەى ئاوەدانکردنەوەى عێراق بکات، لەبەرامبەردا عێراق نەوتی پێ بفرۆشێت.
 
لە هەمان ساڵدا چین پڕۆژەى رێگەى نوێى ئاوریشمی رایگەیاند، کە بە "یەک پشتێنە، یەک رێگە" ناسراوە، ئامانج لێى گواستنەوەى زیاترى شتومەکى چینییە لە رێگەى وشکانى و ئاوی بۆ وڵاتانى جیهان.
 
شۆڕش خالید لەوبارەوە گوتی ''بێگومان ئەم دەستپێشخەرییە نەک تەنیا بۆ چین گرنگە، بەڵکو بۆ زۆربەی ئەو دەوڵەتانەی دراوسێن گرنگییەکی زۆری هەیە، عێراق لەم دەوڵەتانەیە کە هەر لە کۆنەوە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی کەلوپەل لە نێوان چین و رۆژهەڵات، ناوچەیەکی زۆر گرنگ بووە.''
 
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێت، بەهۆی بەندەری گەورەی فاو، عێراق دەبێتە وێستگەی سەرەکی لە پڕۆژەی رێگەی نوێی ئاوریشم بۆ بەستنەوەی ئاسیا بە ئەوروپا، ئەوەش لە رێگەی توونێلی دووسایدی بەندەری خۆری زوبێر لەژێر ئاوی شەتولعەرەبەوە، کە بەندەری گەورەی فاو لەسەر ئاوی کەنداو بە هێڵی شەمەندەفەر لە باشوورەوە تاوەکو باکووری عێراق دەبەستێتەوە؛ لەوێشەوە بەرەو تورکیا و سووریا درێژدەبێتەوە.
 
بەندەری فاو و ‌هێڵی شەمەندەفەری عێراق-تورکیا دەتوانێت کەلوپەلەکان لە چین، هیندستان، ئوسترالیا بە 25 رۆژ خێراتر و بە نیوەی ئەو تێچووەی ئێستا هەیە، بگوازێتەوە بۆ تورکیا و دواتر بۆ باکووری ئەوروپا، باڵیۆزی عێراق لە چین گوتی، ''لەگەل چینییەکانیش وامان باس کردووە؛ ئەم رێگەیە ببێتە بەشێک لە [رێگەی نوێێ ئاوریشم]ی چین.''
 
بەگوتەی شۆڕش خالید ''عێراق بەنیازە زۆر چالاکتر [سەبارەت بە رێگەی ئاوریشم] کار بکات، بۆیە چەند کۆبوونەوەیەک لە ئاستی باڵادا کراون، بەڵام بەر لە هەموو شتێک، دەبێ ژیرخانی ئابووریی خۆی بەهێز بکات.''