کۆنسووڵی چین لە هەولێر: مەزەندە دەکرێت تا کۆتایی ئەم ساڵ بازرگانیی نێوان چین و عێراق بگاتە 55 ملیار دۆلار

 
رووداو دیجیتاڵ 

کۆنسووڵی گشتیی چین راگەیاند، مەزەندە دەکرێت لە کۆتایی ئەم ساڵدا، بازرگانیی نێوان عێراق و چین بگاتە 55 ملیار دۆلار، گوتیشی هەوڵدەدەین پیسبوونی ژینگەی هەرێمی کوردستان کەم بکەینەوە، بۆ ئەمەش سێ پرۆژەیان تاوتوێ کردووە.
 
لیۆ جیۆن، کۆنسووڵی گشتیی چین لە هەولێر، لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند پەیوەندییە دووقۆڵییە بازرگانییەکانی عێراق و چین، لە ساڵی پار گەیشتە نزیکەی 50 ملیار دۆلاری ئەمریکی. ئەمساڵیش بازرگانییەکە خێرا گەشەیکردووە. بە گوێرەی هەندێ پسپۆڕ، مەزەندە دەکرێت لە کۆتایی ئەم ساڵدا، بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات بگاتە 55 ملیار دۆلار، کە ئەمە زیادبوونێکی گەورەیە".
 
کۆنسووڵی گشتی چین هەروەها گوتی: "لێرە خواستێکی گەورە لەسەر بەرهەمی دەرەکی هەیە. ئەمە لە بەرژەوەندیی ئێمەشدایە لە چین".
 
لە بەشێکی قسەنیدا بۆ رووداو، لیۆ جیۆن، کۆنسووڵی گشتی چین باسی لە کارەکانیان لە هەرێمی کوردستان کرد، بەتایبەتی لەبارەی ژینگە و گەرمبوونی زەویدا و گوتی: "من ماوەی نزیکەی ساڵێکە لێرەم. دەبینم کەشوهەوای ئێرە وا گەرمتر دەبێت. رەنگە ئێمە بەشێک بین لە هۆکاری گۆڕانی کەشوهەوا، بڕوام وایە پاراستنی ژینگە زۆر گرنگە بۆ هەرێمەکە. ئێمە لە چین لە وزەی پاکدا زۆر باشین. ئێمە تەکنەلۆژیای نوێمان هەیە کە دەتوانین پێشكێش بەم هەرێمەی بکەین بۆ ئەوەی پیسبوونی ژینگە کەمبکەینەوە، ئەوەش لە رێگەی پەرەدان بە وزەی پاک، وەک وزەی خۆر". 
 
سەبارەت بە بوونی پرۆژەیان لەبارەی ژینگە و کەشوهەوا، کۆنسووڵی گشتی چین باسی لەوە کرد، "هێندەی من بزانم، لانیکەم سێ پڕۆژە تاوتوێکراون بۆ ئەوەی کۆمپانیا چینییەکان لەگەڵ هاوبەشە خۆجێیەکانیان کاربکەن بۆ ئەوەی سێ وێستگەی وزەی خۆر دابنێن."