بانکی ناوەندیی تورکیا رێژەی سوود رادەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، بانکی ناوەندیی تورکیا سوودی بانکی رادەگەیێنێت؛ پێشبینییەکان بەو ئاراستەیەن کە رێژەی سوودی بانکی بە جێگیری بمێنێتەوە.
ئەنجوومەنی سیاسەتی نەختینەیی دراوی بانکی ناوەندیی تورکیا دوای نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە 19ـی ئەیلوول بە سەرۆکایەتیی فاتح کاراهان، سەرۆکی بانکی ناوەندی کۆدەبێتەوە و لە کاژێر 14:00ـدا بڕیاری خۆی لەبارەی سوودی بانکی رادەگەیێنێت.
ئەنجوومەنەکە لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا رێژەی سوودی لە 50% بە جێگیری هێشتووەتەوە.
بازاڕەکانی نێوخۆ سەرنجیان لەسەر بڕیاری بانکەکەیە. بە گوێرەی دوو راپرسی کە لەلایەن ئانادۆڵ و رۆیتەرز بە بەشداریی شارەزایانی ئابووری ئامادەکراون، پێشبینی دەکرێت بانکی ناوەندیی تورکیا سوودی بانکی دەستکاری نەکات و لە 50% بیهێڵێتەوە.
بەپێی داتاکانی دامەزراوەی ئاماری تورکیا، پێوەرەکانی نرخی بەکاربەر لە مانگی ئابدا مانگانە 2.47% بەرزبووەتەوە، لەکاتێکدا هەڵاوسانی ساڵانە نزیکەی 10 خاڵ دابەزیوە و گەیشتووەتە 51.97%.
هەروەها ئامانجی هەڵاوسان لە بەرنامەی مامناوەند دا پێداچوونەوەی بۆ کرا کە لە پێنجی ئەیلوولدا راگەیێندرا.
لە بەرنامەی مامناوەند دا ئامانجی ساڵانەی هەڵاوسان بۆ ساڵی 2024 بە رێژەی 41.5% راگەیێندرا. پێشتر لە بەرنامەکەدا ئەم رێژەیە 33% بووە.
رێژەی سوودی بانکی لەلایەن بانکە ناوەندییەکانەوە دیاری دەکرێت و بە گشتی ئاماژەیە بۆ رێژەی سوودی قەرزکردنی کورتخایەنی وڵات.