شارەزایەک: ئەگەر هەیە مانگی داهاتوو نرخی زێڕ 200 دۆلاری دیکە بەرزبێتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
تادێت پێشبینییەکان بە ئاراستەی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ زیاتر دەبن. شارەزایەک دەڵێت ئەم ساڵ چەندین ریکۆردی دیکەی بەرزبوونەوەی تۆمار دەکات و بانکێکی ئەمریکیش دەڵێت، ساڵی داهاتوو دەگاتە 3 هەزار دۆلار.
 
نرخی زێڕ تاوەکو کاتی داخستنی بازاڕ لە بەرەبەیانیی رۆژی شەممە گەیشتبووە 2 هەزار و 508 دۆلار کە بەرزترین ئاستی مێژوو بوو، بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی کۆکردنەوەی قازانج لەلایەن بازرگانانەوە بۆ نزیکەی 2 هەزار و 500 دۆلار دابەزی، لەگەڵ ئەوەشدا بەباشی پارێزگاری لە ئاستە بەرزەکانی خۆی کردووە.
 
سابرین چۆدهوری، سەرۆکی بەشی شیکاریی کاڵاکان لە دامەزراوەی BMI دەڵێت: "2024 ئەو ساڵەیە کە پێشبینی دەکرێت تێیدا نرخی زێڕ چەندین جار ریکۆردی بەرزبوونەوە بشکێنێت"، چونکە بە پەناگەی ئارام ناسراوە کە کە لە کاتی ئاڵۆزی و گرژییەکان نرخەکەی بەرزدەبێتەوە.
 
بەپێی ئەو شارەزایە، "زێڕ لە ناسەقامگیریدا دەگەشێتەوە، ئێستاش ناسەقامگیری لە ترۆپکی خۆیدایە"، بەتایبەتی بەهۆی هەڵبژاردنەکانی ئەم ساڵی وڵاتانی جیهان، بەتایبەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، هەروەها شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئۆکراینا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 
هۆکارێکی دیکەی سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، ئەگەری کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکییە لە مانگی داهاتوودا لەلایەن ئەمریکاوە.
 
سابرین چۆدهوری دەڵێت، "ئەگەر مانگی داهاتوو بانکی ناوەندیی ئەمریکا رێژەی سوود کەمبکاتەوە، دەکرێت نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بگاتە 2 هەزار و 700 دۆلار".
 
کەمکردنەوەی رێژەی سوود تێچووی کڕینی زێڕ کەمدەکاتەوە، چونکە دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی دۆلار.
 
شرۆڤەکارانی سیتی بانکی ئەمریکیش لە نووسراوێکدا نووسیویانە، پێشبینی دەکرێت ساڵی داهاتوودا نرخی زێڕ بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە.
 
شرۆڤەکارانی بانکەکە پێشبینی دەکەن لە چارەکی چوارەمی ئەمساڵدا تێكڕای نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 2 هەزار و 550 دۆلار بێت. لە نێوەڕاستی ساڵی داهاتووشدا بگاتە 3 هەزار دۆلار. 
 
سەرنجی بازرگانان لەسەر رۆژی هەنیی ئەم هەفتەیەیە کە سیمپۆزیسیۆمی جاکسۆن هۆڵ لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت و تێیدا جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، پارێزگارانی بانکە ناوەندییەکانی جیهان و سەرکردەکانی وڵاتانی G20 بەشدار دەبن. 
 
کاژێر 5ـی ئێوارەی ئەو رۆژە، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا گوتارێک پێشکێش دەکات و هەر ئاماژەیەک بە کەمکردنەوەی رێژەی سوود، دەکرێت نرخی زێڕ زیاتر بەرزبکاتەوە. بەپێچەوانەوەش. 
 
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ 444 دۆلار بەرزبووەتەوە.