سزادانی ژمارەیەک بانکی عێراق بەهای دۆلاری بەرزکردەوە؛ پێشبینی دەکرێت 100 دۆلار بگاتە 150 هەزار
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر دەڵێت، سزادانی 14 بانکی عێراقی لە لایەن ئەمریکاوە بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار دادەبەزێنێت و رەنگە بگاتە 150 بۆ 151 هەزار دینار.
شەوی چوارشەممە، 19-07-2023، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر بە رووداوی گوت، پێشبینی دەکەن بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ قەدەخەکردنی 14 بانکی عێراق لە مامەڵەکردن بە دۆلار، بە تۆمەتی ناردنی دۆلار بۆ ئێران، کاریگەریی نەرێنی لەسەر بەهای دیناری عێراقی دەبێت و رەنگە ببێتە هۆی دابەزینی بەهاکەی بەرامبەر بە دۆلار.
حاجی سابیر دەڵێت، پێشبینی دەکەن بەهۆی ئەو بڕیارەوە، بەهای 100 دۆلار لە بازاڕەکان بگاتە 150 بۆ 151 هەزار دینار. دەشڵێت، پێشبینی ناکەن دابەزینی بەهای دینار بەهۆی بڕیارەکەوە بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بێت و رەنگە "10 بۆ 15 رۆژ بخایێنێت".
ئەمە لەکاتێکدایە زیاتر لە هەفتەیەکە بەهای 100 دۆلار لە سەرووی 148 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت؛ ئەمڕۆش گەیشتە 148 هەزار و 600 دینار.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، مامەڵەکردن بە دۆلاری لە 14 بانکی عێراقیدا قەدەخە کرد و بەوە تۆمەتباری کردوون کە دۆلاریان بۆ ئەو وڵاتانە ناردووە کە سزای ئەمریکایان لەسەرە.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆڕناڵی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، ئەمریکا ئەو سزایەی دوای ئەوە بەسەر ئەو بانکانەدا سەپاند کاتێک بۆی دەرکەوت ئەو بانکانە لە کردەکانی شووشتنەوەی پارە و مامەڵە داراییە گومانلێکراوەکان و مامەڵە فێڵکارییەکان تێوەگلاون، وەکو چەند بەرپرسێکی ئەمریکی بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە.
هەروەها ئەو سزایانە رەنگە پەیوەست بێت بە کەسانێکەوە کە سزای ئەمریکایان لەسەر بێت و مەترسییەکان لەوەیە کە ئێران لەو کارانە سوودمەندبووبێت.
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، "گومانێکی بەهێزمان هەیە هەندێک لە کارەکانی سپیکردنەوەی پارە رەنگە بە سوود بگەڕێتەوە بۆ ژمارەیەک کەس کە سزای ئەمریکا دەیانگرێتەوە، یان بۆ بەرژەوەندیی کەسانێک کە سزاکان نەیگرتوونەتەوە."
رۆژی 6-11-2022، بانکی ناوەندیی عێراق پێدانی دۆلاری بە چوار بانک راگرت بە پاساوی" وردبینی"، بانکەکانیش بریتی بوون لە" بانکی ئەنساریی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن، بانکی قابزی ئیسلامی بۆ پارەدارکردن و وەبەرهێنان، بانکی ئاسیای عێراقی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن، بانکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ وەبەرهێنان."