کۆمپانیایەکی نەوت پێشبینی دەکات نرخی بەرمیلێک نەوت بگاتە 380 دۆلار
رووداو دیجیتاڵ
گەورە کۆمپانیای بواری نەوتی رووسی، لووکئۆیڵ لە دوایین راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سێ سیناریۆی بۆ نرخی نەوت بۆ ناوەڕاستی ئەم سەدەیە خستووەتەڕوو. بەپێی یەکێک لە سیناریۆکان نرخی بەرمیلێک نەوت لە ساڵی 2050 دەبێتە 380 دۆلار.
راپۆرتەکەی لووکئۆیڵ لە دەرەنجامی پەتای کۆرۆنا و کۆنفرانسی کەشوهەوای گلاسکۆی سکۆتلاند سەرچاوەی گرتووە، کە یەکەمیان پەیوەندی بە کاریگەری پەتا گوێزراوەکانەوە هەیە لەسەر خواست و خستنەڕووی نەوت زنجیرەی دابینکاری کاڵا و شتومەک.
سەرۆکی کۆمپانیای لووکئۆیڵ دەڵێت؛ لەکاتێکدا بارودۆخی ئابووریی جیهان بەرەو باشبوونەوە دەچێت، قەبارەی ئەو وزەیەی بەکاردێت لەلایەن بەکاربەرانەوە تادێت زیاتر دەبێت، بۆیە ئەو پێشبینییانەی کە باسیان لەوە دەکرد لەساڵی 2019 خواست لەسەر نەوت گەیشتە لووتکە دەرکەوت، کە زۆر هەڵەن.
راپۆرتەکانی پێشووی لووکئۆیڵ زیاتر لەبارەی پێشبینییەکان بوو بۆ وزە نەریتییەکانی وەک نەوت و گاز، بەڵام لە راپۆرتی 2021یدا گرنگی زۆری داوە بە وزە بەردەوامەکان و دەردانی گازە کاربۆنییەکان.
یەکێل لە سیناریۆکانی کۆمپانیا رووسیەکە ناونراوە "پەرەسەندن". سیناریۆکە بریتییە لەوەی پەرەپێدانی بازاڕی وزە بە ئاراستەی ئێستای سیاسەتی وزە و پڕۆگرامە ئابوورییە نیشتمانییەکان بێت بەو تەکنەلۆژیایەی ئێستا بەردەستە. بەپێی ئەم سیناریۆیە نرخی بەرمیلێک نەوت لە ساڵی 2050 دەبێتە 128 دۆلار.
سیناریۆی دووەم کە ناونراوە "هاوسەنگی"، لەسەر بنچینەی راگرتنی هاوسەنگی لەنێوان بەدەستهێنانی ئامانجەکانی کەشوهەوا و پەرەپێدانی ئابووری بنیاتنراوە. بەگوێرەی ئەم سیناریۆیە نرخی نەوت دەبێتە 197 دۆلار لە نێوەڕاستی ئەم سەدەیە.
کۆمپانیای لووکئۆیڵ سیناریۆی سێیەمی ناوناوە "ماوەی گوێزەرەوە"، بەگوێرەی ئەم سیناریۆیە گۆڕانکاری ریشەیی لە سەرچاوەکانی وزە و پیشەسازیدا دەکرێت بەشێوەیەک تاوەکو ساڵی 2050 پلانی سفر دەردانی گازە زیانبەخشەکان بەدیدێت، ئەوکاتیش نرخی یاخود باجی دەردانی گازە زیانبەخشەکان زۆر زیاددەبێت بەو واتایەی کۆمپانیا نەوتییەکان لە بەرامبەر بەرهەمهێنانی نەوت و دەبێت بڕێکی زۆر پارە بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانی پیسبوونی کەشوهەوا و دوانەئۆکسیدی کاربۆن بدەنە حکومەتەکان. بەپێی ئەم سیناریۆیە نرخی بەرمیلێک نەوت دەبێتە 380 دۆلار.
ئەو ناوەندانەی پێشبینی بۆ بازاڕی وزە دەکەن هیچیان باس لە دابەزینی نرخی نەوت ناکەن، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێننەوە بۆ زیادبوونی خواست لەسەر وزە و جموجۆڵی بازرگانی، بەتایبەت کە وڵاتان دەستیان بە چالاکییە ئابوورییەکان کردووەتەوە و ئەزموونی زۆریشیان لەبواری پەتا گوازراوەکان وەرگرتووە و دەزانن لە داهاتوودا چۆن مامەڵە لەگەڵ پەتاکاندا بکەن.
بانکی دارایی و وەبەرهێنانی گۆڵدمان ساکس لە راپۆرتێکی نوێیدا پێشبینیدەکات لە دوو ساڵی داهاتوودا خواست بۆ نەوت بگاتە لووتکە ئەوەش بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر سووتەمەنی فڕۆکە، کەرتی گواستنەوە و ژێرخانی ئاوەدانکردنەوە.
دامییەن کۆرڤالین، بەڕێوەبەری توێژینەوەی وزە لە بانکی گۆڵدمان ساکس رایگەیاند: "تەنانەت پێش شەپۆلی کۆتایی کۆرۆنا خواست لەسەر سووتەمەنی زیادیکردبوو و گەشەی ئابووریی جیهانیش کە بەرەو بەرزبوونەوەیە زیاتر داواکاری لەسەر خواست لەسەر نەوت دروستکردووە". کۆرڤالین دەڵێت: "دەبینن کە چۆن خواست لەسەر نەوت لە ساڵی 2022 و 2023 دەگاتە لووتکە".
سەبارەت بەوەی تاچەند ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان کاریگەریان لەسەر خواست لەسەر نەوت دەبێت، گۆڵدمان ساکس دەڵێت؛ قۆناخی گوێزەرەوەی سەرچاوەکانی وزە لە وزە نەریتییەکان بۆ وزە بەردەوامەکان لەسەرخۆ دەبێت، بۆیە پێشبینیدەکات تاوەکو کۆتایی ئەم دەیە خواست بۆ نەوت لە بەرزبوونەوە بێت تاوەکو دەگاتە رۆژانە 106 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.
بەڕێوەبەری توێژینەوەی وزە لە بانکی گۆڵدمان ساکس باس لەوە دەکات ئۆتۆمبێلە کارەباییە بچووکەکان کەمێک کاریگەریان لەسەر کەمکردنەوەی خواست بۆ سووتەمەنی دەبێت، بەڵام سەبارەت بە بارهەڵگرەکان هێشتا کاتی زۆری ماوە بکرێنە کارەبایی و فڕۆکەکانیش تاوەکو بە وزە ناکاربۆنییەکان کار بکەن کاتی زیاتری دەوێت.
کۆرڤالین ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە نزیکەی شەش ملیۆن ئۆتۆمبێلی کارەبایی ساڵانە دەفرۆشرێن، بەڵام ئەم ژمارەیە تەنیا خواست لەسەر 100 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە کەمدەکاتەوە لەکاتێکدا ئێستا رۆژانە خواست لەسەر نەوت 100 ملیۆن بەرمیلە لە رۆژێکدا.