پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق سەردانی هەولێر دەکات

رووداو دیجیتاڵ

عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق سبەی سەردانی هەولێر دەکات و بەشداری لە کۆنفرانسێک لەبارەی بەهای دۆلار و رێکارەکانی دەکات. سەرۆک و بەشێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی دراوی هەولێریش بە نوێنەرایەتیی بازاڕی دراوی هەولێر بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا دەکەن.
 
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 18.10.2023 سیامەند مەولوود، سەرۆکی ئەنجوومەنی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی گوت، نووسراوی فەرمییان لە لایەن بانکی هەرێم (لقی هەولێری بانکی ناوەندی) پێگەیشتووە بۆ بەشداریکردنی لە کۆنفرانسێک کە سبەی لە هەولێر بەڕێوەدەچێت و عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی تێیدا بەشدار دەبێت.
 
سیامەند مەولوود دەڵێت، خۆی و چەند کەسێکی دیکە وەکو نوێنەری بازاڕی دراوی هەولێر بەشداریی لە کۆنفرانسەکەدا دەکەن. گوتیشی کۆنفرانسەکە "لەبارەی دۆلار و رێکارەکانی" دەبێت.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، کۆنفرانسەکە لەبارەی سیاسەتی نەختینەییە و لەگەڵ بانکە ئەهلییەکان و نوێنەرانی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێرە.
 
کۆنفرانسەکە سەر لە بەیانیی چوارشەممە کاژێر 10:30 لە هۆتێل رۆتانا لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.
 
کۆنفرانسەکە لەکاتێکدایە بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار دابەزیوە، جیاوازیی نرخی فەرمیی بانکی ناوەندی و نرخی بازاڕ نزیکەی 30 هەزار دینارە.