وەزیری دارایی: بۆ جیاکردنەوەی مووچەی مووچەخۆران لە خەرجیی فیعلی لێکتێگەیشتنمان هەیە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند "دەتوانم بڵێم ئەو داتایانەی ئەمڕۆ پێشکەشمان کردن، تا رادەیەکی زۆر جێگەی قبووڵ بوون"، دەشڵێت "بۆ جیاکردنەوەی مووچەی مووچەخۆران لە خەرجیی فیعلی، لێکتێگەیشتنمان هەیە."
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان، دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و تەیف سامی، وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵی، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 18-10-2023) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''تا رادیەکی زۆر لێکتێگەیشتنی هاوبەشمان لەسەر چۆنیێتیی چارەسەرکردنی کێشەکانی مووچەی مووچەخۆران و جیاکردنەوەی لە خەرجیی کردەیی و دوورخستنەوەی لە کێشە سیاسییەکان هەبوو.''
ئاوات شێخ جەناب ئاماژەی بەوە کرد ''هەموو زانیارییەکی خۆمان خستەڕوو و توانیشمان هۆکاری کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە راستگۆیی و شەفافانە لێرە پێشکێش بکەین.''
رۆژی 14ـی ئەیلوول، شاندێک بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە، سەردانی بەغدایان کرد. پاشان ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەوە و بڕیاریدا بڕی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بە قەرز بۆ هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی مانگەکانی 9، 10 و 11ـی 2023 بنێرێت. تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق لەو بڕە پارەیە 700 ملیۆن دیناری ناردووە.
وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان لەبارەی ناردنی 700 ملیار دیناری دووەم گوتی ''هیچ رێگرییەک و هیچ جۆرە ویستێکمان لەلایەن وەزیری دارایی عێراق بەمەبەستی نەناردنی ئەو 700 ملیار دینارە نەبینی، ئەوەی لەلایەن سەرۆکی لیژنەی دارایی، ئەندامانی لیژنەکە و وەزیری داراییەوە هەستمان پێکرد، وەڵامدانەوەیەکی دۆستانەی هاونیشتمانییانە بوو.''
هەرچەندە بودجەی عێراق لە 26ـی حوزەیرانی ئەمساڵ جێبەجێکراوە، بەڵام لەبارەی پشکی کوردستان و داهاتەکانی نەوت و دەروازە سنوورییەکانەوە، کێشە کەوتووەتە نێوان هەولێر و بەغدا، بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی ئاب و ئەیلوولیان وەرنەگرتووە.