ئەمریکا رێژەی سوودی بانکیی کەمکردەوە و کاریگەریی گەورەی لەسەر بازاڕ دەبێت

رووداو دیجیتاڵ

ئەمریکا رێژەی سوودی کەمکردەوە زێڕی گەیاندە بەرزترین ئاستی مێژوو.

ئەمشەو چوارشەممە 18-9-2024، لیژنەی بازاڕی کراوەی سەر بە بانکی ناوەندیی ئەمریکا کۆبووەوە و بڕیاریدا رێژەی سوود 0.50٪ کەمبکاتەوە.
 
بەو پێیە، رێژەی سوود لە ئەمریکا لە 5.50٪ بۆ 5.00٪ کەمکرایەوە. لەدوای ئاداری 2020ـەوە، یەکەمجارە بانکەکە رێژەی سوود کەمبکاتەوە.
 
سیاسەتداڕێژەرانی بانکەکە پێشبینی دەکەن لە کۆبوونەوەی تشرینی دووەمی ئەم ساڵدا جارێکی دیکە بە هەمان رێژە سوودی بانکی کەمبکەنەوە.
 
بانکەکە لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "متمانەیەکی زیاتر"ـیان هەیە بەوەی هەڵاوسان دادەبەزێت. 
 
دوای بڕیارەکە جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، هەڵاوسان بەرەو ئەو ئاستە دەڕوات کە ئامانجمانە و بڕیاری کەمکردنەوەی رێژەی سوود رەنگدانەوەی متمانەمانە بە ئابوورییەکەمان.
 
پاوڵ دەڵێت، ئاماژە ئابوورییەکانی ئەمدواییەی ئەمریکا ئەرێنیین و پێشبینی دەکەین گەشەی ئابوورییەکەمان زیادبکات. گوتیشی، بازاڕی کار بەرەو هێوربوونەوە دەڕوات.
 
پاوڵ باسی لەوەشکرد، هەڵاوسان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و پێشبینی دەکەین لە داهاتوودا زیاتر دابەزێت.
 
دوای بڕیارەکە، نرخی زێڕ زیاتر لە 30 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 2 هەزار و 599 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک. ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی زێرە لە مێژوودا تۆمارکرابێت. دواتر دابەزی و ئێستا بە زیاتر لە 2 هەزار و 570 دۆلارە.
 
پێشبینی دەکرێت لە ئەگەری گۆڕانی بەرچاو لە نرخی ئۆنسەی زێڕ، نرخی میسقاڵی زێڕیش هاوتەریب لەگەڵی بگۆڕێت.
 
ناوەندی ئاماری سەر بە وەزارەتی کاری ئەمریکا ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 11-9-2024 رایگەیاند، لە مانگی ئابی ئەم ساڵدا هەڵاوسان لەسەر ئاستی ساڵانە بۆ 2.5% دابەزیوە. لە مانگی تەممووزدا رێژەکە 2.9% بووە. لەسەر ئاستی مانگانەش، هەڵاوسان 0.2% زیادبووە.
 
لە ئاداری ساڵی رابردووە و بەهۆی کاریگەریی شەڕی ئۆکراینا و هەڵاوسانەوە، بانکی ناوەندیی ئەمریکا 11 جار سوودی بانکی بەرزکردووەتەوە و، ئێستا رێژەکە 5.50%ـیە، ئەوەش بەرزترین ئاستە لە 23 ساڵی رابردوودا.
 
هۆکارەکە ئەوە بوو؛ لە حوزەیرانی 2022ـدا هەڵاوسان لە ئەمریکا گەیشتە 9.1%. ئەو کاتە رێژەکە بەرزترین ئاست بوو لە 40 ساڵی رابردوودا.