نرخی تەماتە لە هیندستان 700% بەرزبووەتەوە و جووتیارانی دەوڵەمەندکردووە


رووداو دیجیتاڵ

لە سەرەتای ئەمساڵەوە نرخی تەماتە لە هیندستان 700% بەرزبووەتەوە و نرخی هەر کیلۆیەک گەیشتووەتە زیاتر لە دوو دۆلار، ئەوەش سامانی جووتیارانی تەماتەی سەرسوڕهێنەرانە بەرزکردووەتەوە.

بەپێی ئاماری وەزارەتی خۆراکی هیندستان، نرخی کیلۆیەک تەماتە لە بازاڕی تاکفرۆشی لە نیودەلهیی پایتەختی ئەو وڵاتە گەیشتووەتە 178 رووپی کە دەکاتە 2.20 دۆلار و بەراورد بە مانگی یەکی ئەمساڵ، 700% بەرزبووەتەوە.
 
هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی تەماتە لە هیندستان بارانبارینی زۆرە کە زیانی بە بەرهەمەکە گەیاندووە و لە بازاڕدا کەمبووەتەوە، ئەوەش بەکاربەرانی هیندستانی نیگەران کردووە و زۆرێک لە خێزانەکانی ئەو وڵاتە بۆ ماوەیەکی کاتی دەستبەرداری تەماتە بوون، کە پێکهاتەیەکی سەرەکییە لە خواردنە سەرەکییەکان.
 
تەنانەت لقی ماکدۆناڵدیش لەو وڵاتە رایگەیاندووە، چیدیکە تەماتە ناخاتە نێو خواردنە خێراکانی.
 
هەرچەندە بەرزبوونەوەی نرخی تەماتە هیندستانییەکانی نیگەران کردووە، بەڵام قازانجی جووتیارانی تەماتەی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزکردووەتەوە؛ ئیشوار جیکار کە جووتیارێکی هیندستانییە و لە ناوچەی جونار لە ویلایەتی ماهاراشترای رۆژئاوای هیندستان لەسەر رووبەری 12 دۆنم (4.9 هێکتار) تەماتەی چاندووە، تائێستا لەم وەرزەدا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەیەوە نزیکەی 24 ملیۆن رووپی (نزیکەی 300 هەزار دۆلار) قازانجی کردووە، لەکاتێکدا ساڵێک لەمەوبەر قازانجەکەیان ملیۆنێک و 500 هەزار رووپی (18 هەزار و 200 دۆلار) بوو.
 
جیکار و هاوژینەکەی رۆژانە کار بە 60 بۆ 70 کرێکار دەکەن بۆ بەڕێوەبردنی کێڵگەکانیان و چوونەتە ریزی گەورەترین دابینکەرانی تەماتە لە ناوچەکەدا و ناوبانگێکی زۆریان پەیداکردووە، چونکە میدیا نێوخۆییەکان ریز دەبەستن بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵیاندا.
 
ئیشوار جیکار دەڵێت، "نزیکەی مانگ و نیوێک لەمەوبەر، تەماتە بە تەنها 2.5 رووپی بۆ هەر کیلۆیەک دەفرۆشرا".
 
لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا ئەو دوو هاوژینە نزیکەی 350 تۆن تەماتەیان بەرهەمهێناوە، پێشبینیش دەکەن ئەگەر دۆخی کەشوهەوا تێک نەچێت، لە ماوەیەکی نزیکی داهاتوودا 150 تۆنی دیکە بفرۆشن. 
 
بۆ دابەزاندنی نرخەکەی، حکومەتی هیندستان دەستی بە فرۆشتنی تەماتە بە نرخێکی پاڵپشتیکراو کردووە و بارهەڵگری گەڕۆکی تەماتەی لە چەند شوێنێک جێگیر کردووە، هەوڵەکانیشی تاڕادەیەک کاریگەرییان هەبووە، بەڵام هێشتا نرخ لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە.
 
ساڵانە لە مانگە باراناوییەکانی تەممووز و ئابدا نرخی تەماتە زیاتر بەرزدەبێتەوە، بەڵام ئەمساڵ بەرزبوونەوەی نرخی تەماتە لەو وڵاتە لەڕادەبەدەر و پێوانەیی بووە.
 
لە هەفتەکانی رابردوودا بارانی زۆر بووە هۆی دروستبوونی لافاو و ئەوەش وایکردووە تەماتە لەو وڵاتە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمببێتەوە و نەخۆشیش لە نێو کێڵگەکانی کشتوکاڵ بڵاوببێتەوە.