بەهای تمەن و دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزبوونەوە

رووداو دیجیتاڵ

بەهای 100 دۆلار لە خوار 146 هەزار دینار جێگیرە، بەهای تمەنیش گەیشتووەتە بەرزترین ئاست بەرامبەر بە دۆلار لە مانگی رابردووەوە.
 
جگە لە رۆژانی هەینی، شەممانیش لە عێراق پشووی فەرمییە. بانکی ناوەندی هیچ دۆلارێک ناخاتەڕوو. بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراویش داخراون. تەنیا بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی کراوەیە.
 
جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکە بە رووداوی گوت، 100 دۆلار بە شێوەی حەواڵە بە پێنج ملیۆن و 800 هەزار تمەنە. بە کاش [نەقد]ـیش بە پێنج ملیۆن و 570 هەزار تمەنە.
 
زیاتر لە مانگێکە بەهای تمەن بەرامبەر بە دۆلار لەو ئاستە بەرزەدا نەبیندراوە. 
 
بە گوتەی جەبار گۆران، هێوربوونەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی بەهای تمەنە.
 
ئەو گوتەبێژە دەڵێت، دوو هۆکاری دیکەش هەن بۆ بەرزبوونەوەی بەهای تمەن؛ زیادبوونی ئاسانکارییەکان بۆ بازرگانیی نێوان عێراق و ئێران دوای سەردانەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران بۆ ئەمریکا لە لایەک و، فرۆشتنی زێڕیش لەلایەن بانکی ناوەندیی ئێرانەوە لە لایەکی دیکەوە.
 
لە سەروبەندی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، کاتێک هەردوو هێرشیان کردە سەر خاکی یەکدی، 100 دۆلار گەیشتە 70 ملیۆن تمەن.
 
هاوشێوەی بەهای تمەن، ئەمڕۆ بەهای دیناریش بەرامبەر بە دۆلار بەرزبووەوە.
 
رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە رووداوی گوت، بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار کەمێک بەرزبووەتەوە؛ لە کاتی داخستنی بازاڕدا ئێوارەی ئەمڕۆ 100 بە 146 هەزار و 650 دینار بووە.
 
لە کاتی کردنەوەی بازاڕدا، 100 دۆلار بە 145 هەزار و 800 دینار بووە.
 
لە کۆتاییەکانی مانگی ئادارەوە بەهای 100 دۆلار بۆ خوار 150 هەزار دینار دابەزیوە. نزیکەی مانگێکیشە لە 145 هەزار بۆ 147 هەزار دینار جێگیر بووە.
 
سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەمریکا لە نێوەڕاستی مانگی رابردوو، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی بەهای دینارە، پێش سەردانەکەش گەشبینی لە بازاڕدا دروستبوو لەبارەی لێکتێگەیشتنی ئەمریکا و عێراق لەبارەی دۆلار و سیستمی بانکی.
 
لەدوای ئەوکاتەوە، بانکی ناوەندیی عێراق رۆژانە بە تێكڕا زیاد لە 250 ملیۆن دۆلار دەفرۆشێت کە زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلاری بۆ حەواڵەیە. 
 
ئەمە وایکردووە حەواڵە زیاد بێت و گوشار لەسەر بازاڕی هاوتەریب لە شارەکان کەمببێتەوە.
 
بۆ حەواڵەکردن، بازرگانان دەبێت دینار بخەنە سەر هەژمارەکانیان، ئەوەش وا دەکات دینار لە بازاڕ کەمببێتەوە، بەوەش خستنەڕووی دۆلار زیاد دەبێت و خواست لەسەری کەمبدەبێتەوە.