دامەزراوەیەک: سزاکانی ئەمریکا رێگری لە رادەستکردنی 48 ملیۆن بەرمیل نەوتی ئێران دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
دامەزراوەیەکی وزە دەڵێت، خەریکە سزاکانی ئەمریکا، هەناردەی نەوتی ئێران بۆ چین پەکبخات.
بەپێی ئامارەکانی دامەزراوەی ڤۆرتێکسا کە تایبەتە بە وزە، بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە، بەشێک لە هەناردەی نەوتی ئێران بۆ چین پچڕاوە.
بەپێی دامەزراوەکە، هێشتا بەشێک لەو بارە نەوتییانەی مانگی رابردووی ئێران کە بۆ چین نێردرابوون، نەتوانراوە بارەکانیان بەتاڵ بکرێت. بارەکانی تشرینی یەکەمیش تووشی هەمان کێشە ببوونەوە.
ئەمریکا سزای خستووەتە سەر کەرتی نەوتی ئێران و هەڕەشەی سزادانی ئەو کۆمپانیایانە دەکات کە دەیگوازنەوە. ئەمە وایکردووە کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریایی خۆیان لە نەوتی ئێران بەدوور بگرن.
ئێما لی، شرۆڤەکاری باڵای بازاڕە داراییەکان لە ڤۆرتێكسا دەڵێت، نزیکەی 191 کەشتیی نەوتهەڵگری گەورە بەهۆی گواستنەوەی نەوتی ئێران بۆ چین بە نهێنییەوە، خراونەتە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکا.
ئەو شارەزایە دەڵێت، "گەمارۆکانی ئەم دواییەی ئەمریکا بووەتە هۆی ئەوەی رادەستکردنی نەوتی خاوی ئێران بۆ بەندەری شاندونگی چین کەم بێتەوە، چونکە کڕیارانی چینی ناچارن کە ئەو نەوتە لەو کەشتییە نەوتهەڵگرانە وەربگرن کە گەمارۆیان نەخراوەتەسەر و هەندێک لە پاڵاوگە چینییەکان تووشی کێشەی گەورە بوونە."
بەهۆی ئەمەوە، بەشێک لە پاڵاوتگە نەوتییەکانی چین کە لەمدواییانە داوای نەوتی زیاتری ئێرانیان کردووە، رەنگە تووشی کێشە ببنەوە لە دابینکردنی نەوتی پێویست.
بەپێی شرۆڤەکاران، ئێران ساڵانێکە لە رێگەی رێوشوێنی وەک گواستنەوە لە کەشتییەکەوە بۆ کەشتییەکی دیکە و "ساختەکردنی بەڵگەنامەی بارەکانەوە" - یان دەستکاریکردنی ئامێرەکانی دەستنیشانکردنی شوێنی کەشتییەکانەوە، خۆی لە سزاکانی سەر کەرتی نەوت دەدزێتەوە و بەردەوامە لە هەناردەکردنی.
چین گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێرانە. ئێران ئێستا رۆژانە نزیکەی 3 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت.
هەرچەندە ئێران بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە هیچ ئامارێکی هەناردەکردنی نەوت بڵاوناکاتەوە، بەڵام دامەزراوەکانی وزە دەڵێن، رۆژانە نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزار بەرمیل نەوت لە ئێرانەوە هەناردەی چین دەکرێت بە داشکانی 20٪ بۆ 30٪.
بەپێی ڤۆرتێکسا، رێژەی نەوتی خاوی ئێران کە کەشتییە نەوتهەڵگرەکان هێشتا لە دەریا ماونەتەوە و رادەستی کڕیارەکانیان نەکردووە، گەیشتووەتە 48 ملیۆن بەرمیل کە نرخەکەی بە یەک ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.