ئابووریی ئیسرائیل لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا 2.8% گەشەی کردووە

رووداو دیجیتاڵ
 
لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا ئابووریی ئیسرائیل 2.8% گەشەی کردووە، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە چارەکی چوارەمدا بەهۆی جەنگەوە ئابووریی وڵاتەکە پاشەکشە بکات.
 
ناوەندی ئاماری ئیسرائیل ئەو داتایەی بڵاوکردەوە، بەڵام ئەو ئاستە کەمترە لە پێشبینییەکان، بەوپێیەی پێشبینی دەکرا لەو چارەکەدا ئابووریی ئیسرائیل 3.8% گەشە بکات.
 
هاوکات بەراورد بە چارەکی دووەمی ئەمساڵ کە 3.3% بووە، گەشەی ئابووریی ئیسرائیل لە چارەکی سێیەمدا دابەزیوە.
 
ئەمە لەکاتێکدایە، پێشبینی دەکرێت بەهۆی کاریگەرییەکانی شەڕی ئیسرائیلەوە لەگەڵ حەماس و گرووپە چەکدارەکانی غەززە، ئابووریی ئیسرائیل لە چارەکی چوارەمی ئەمساڵدا پاشەکشە بکات.
 
بانکی ناوەندیی ئیسرائیل دەڵێت، پێشبینی دەکەن لە چارەکی چوارەمی ئەمساڵدا ئابووریی ئیسرائیل 5% پاشەکشە بکات.
 
هەرچەندە پاشەکشەی ئابووری دەکرێت ببێتە هۆی کەمکردنەوەی خەرجییەکان و وەبەرهێنان، بەڵام بانکی ناوەندیی ئیسرائیل دەڵێت، بەهۆی شەڕی غەززەوە سوودی بانکی کەم ناکەنەوە کە ئێستا 4.75%ـە.
 
بانکی ناوەندیی ئیسرائیل دەڵێت، لە ئەگەری کەمکردنەوەی سوودی بانکیی، بەهای دراوی شیکڵی وڵاتەکە لاواز دەبێت و هەڵاوسان زیاد دەکات.
 
لە دوایین سێ کۆبوونەوەدا، سیاسەتداڕێژەرانی بانکی ناوەندیی ئیسرائیل رێژەی سوودیان بە جێگیریی هێشتووەتەوە. لەکاتێکدا رێژەکە لە 0.1% لە نیسانی 2022ـدا، بۆ 4.75% لە ئایاری ئەمساڵدا بەرزکراوەتەوە.
 
هاوکات دوێنێ چوارشەممە، ناوەندی ئاماری ئیسرائیل رایگەیاند، لە مانگی رابردوودا هەڵاوسان بۆ 3.7% دابەزیوە، لەکاتێکدا لە مانگی ئەیلوولدا 3.8% بوو.
 
بانکی ناوەندیی ئیسرائیل ئامانجیەتی هەڵاوسان بۆ 1% تاوەکو 3% کەمبکاتەوە.