راوێژکاری بانکە تایبەتەکانی عێراق: هەناردەکردنەوەی نەوت بەهای دینار بەرز دەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

راوێژکاری کۆمەڵەی بانکە تایبەتەکانی عێراق دەڵێت، دەبێت هەولێر و بەغدا هاوئاهەنگی بکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی بەهای دینار. دەشڵێت، راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان داهاتەکانی عێراقی 23٪ کەمکردووەتەوە و، هەناردەکردنەوەی بەهای دینار بەرزدەکاتەوە.
 
شەوی پێنجشەممە، 16-11-2023، د. سەفوان قوسەی، راوێژکاری کۆمەڵەی بانکە تایبەتەکانی عێراق بە بووڵتەنی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سیاسەتی بانکی ناوەندیی عێراق ئەوەیە کە داواکارییەکانی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا جێبەجێبکات لەبارەی بەقاچاخبردنی دۆلار لە رێگەی سەکۆی ئەلیکترۆنییەوە.
 
ئەو راوێژکارە گوتی، بە دانانی سەکۆی ئەلیکترۆنی، نزیکبوونەوەی بازرگانان لێی و رێکارەکانی بانکی ناوەندی، شەفافییەتی دارایی زیاد دەبێت و دەبێتە جێی رەزامەندیی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا، ئەوەش لە رێگەی زانین و ناسینەوەی بازرگانە راستەقینەکانی عێراقەوە.
 
د. سەفوان دەڵێت، بانکی ناوەندی لە قۆناخی داهاتوودا دەیەوێت بازرگانانی هەرێمی کوردستان، بازرگانە بچووکەکانیش بهێنێتە نێو سەکۆی ئەلیکترۆنییەوە لەپێناو فراوانکردنی.
 
راوێژکارەکەی بانکە تایبەتەکانی عێراق  پێیوایە ئەو رێکارانە متمانە بە بانکی ناوەندیی عێراق زیاد دەکەن و گوتی: "تێبینیمان کردووە ئێستا بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەیەوێت بانکەکانی عێراق مامەڵە لەگەڵ بانکە نێودەوڵەتییەکان بکەن، لەوانەش جەی پی مۆرگان و سیتی بانک."
 
دەشڵێت، دەبێت وەزارەتەکانی حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگی بکەن لە بابەتی کۆنترۆڵکردنی بەهای دیناری عێراقی و هەموو بازرگانان بێنە نێو سەکۆی ئەلیکترۆنییەوە تاوەکو دۆلار بە نرخی فەرمی وەربگرن.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، د. سەفوان تیشکی خستە سەر کاریگەرییەکانی هەناردەنەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و رایگەیاند، دوای راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، داهاتی عێراق 23٪ کەمبووەتەوە. ئەوەش بەڕوونی کاریگەرییەکەی لەسەر نرخی دینار دروستکردووە. د. سەفوان دەڵێت، بە هەناردەکردنەوت نەوت [ـی هەرێمی کوردستان]، متمانە بە دیناری عێراقی دروستدەبێتەوە. 
 
د. سەفوان ئاماژەی بە رێکارێکی نوێی بانکی ناوەندیی عێراق کرد و رایگەیاند، پەنجەرەی پارەدارکردنی پێشوەختە بۆ بانکەکانی عێراق کراوەتەوە کە لە رێگەیەوە دەتوانن راستەوخۆ و بەبێ دواکەوتن داواکارییەکانی بازرگانان وەربگرن، ئەوەش وا دەکات خواست لەسەر دۆلار لە بازاڕی هاوتەریب کەمببێتەوە.
 
ئەو راوێژکارە پێشیوایە، ئەو رێکارانە دەتوانن بەهای دینار بەرزبکەنەوە.
 
رۆژی یەکشەممە، 12-11-2023، سەرچاوەیەکی بانکی ناوەندیی عێراق لەبارەی زیادکردنی ژمارەی ئەو بانکانەی لەلایەن ئەمریکاوە دۆلاریان پێ دەدرێت، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەپێی رێککەوتنی نێوان بانکی ناوەندیی عێراق و بانکی فیدراڵیی ئەمریکا، ژمارەی ئەو بانکە عێراقییانەی وەرگرتنی دۆلار دەیانگرێتەوە و دەتوانن راستەوخۆ لە وەرگرتنی دۆلار لە ئەمریکاوە سوودمەندبن، بۆ 10 بانک زیادکراون".
 
لەمبارەیەوە د. سەفوان قوسەی دەڵێت، بانکی ناوەندی دەبێت بە راگەیێندراوێک روونکردنەوە بدات لەبارەی ژمارەی ئەو بانکانەی پارەدارکردنی پێشوەختە دەیانگرێتەوە. 
 
باسی لەوەشکرد، بانکێکی ئوردنی کە هەژماری لە بانکەکانی جەی پی مۆرگان و سیتی بانک هەیە، رێگەی پێدراوە ئاسانکاریی بۆ پێنج بانکی دیکە بکات کە مامەڵە لەگەڵ ئەو دوو بانکە بکەن، لەکاتێكدا پێشتر لە عێراق تەنیا پێنج بانک رێگەپێدراو بوون، بەڵام ئێستا هەوڵی زیادکردنی پێنج بانکی دیکە دەدرێت. 
 
بەوپێیە، بانکە عێراقییەکان راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ بانکە نێودەوڵەتییەکان دەکەن.
 
لە بارەی مامەڵەی بازرگانیی عێراقیش لەگەڵ ئێران، د. سەفوان دەڵێت، پێدەچێت بانکی فیدراڵیی ئەمریکا رازی بووبێت لە مامەڵەی بازرگانیی عێراق لەگەڵ ئێران درهەمی ئیماراتی، یوانی چینی و یۆرۆش بەکاربهێنرێت. گوتیشی، هەوڵ دەدرێت بانکی تورکیش زیادبکرێت تاوەکو مامەڵە بە لیرەی ئەو وڵاتەش بکرێت.
 
د. سەفوان دەڵێت، بەم پێیە، نابێت بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ ئێران بکرێت، بەڵکوو تەنیا لە رێگەی قەتەر و عومان رێگە بە عێراق دراوە شایستەی گاز بە ئێران بدات. دەشڵێت، دەکرێت کاڵا بە رێککەوتنی بازرگانی لە رێگەی بانکی دیکەوە دۆلار رەوانەی ئێڕان بکرێت، تاوەکو گوشار لەسەر بازاڕی هاوتەریب کەمببێتەوە.
 
لەبارەی بەهای دینار لە داهاتوودا، د. سەفوان پێیوایە، ئەگەر بانکی ناوەندی و وەزارەتی بازرگانی بتوانن بازرگانانی هەرێمی کوردستان بهێننە نێو سەکۆی ئەلیکترۆنییەوە، ئەوا 100 دۆلار ناگاتە 170 هەزار دینار. گوتیشی، ئەگەر وەزارەتی بازرگانی سەرکەوتوو بێت لە فراوانکردنی هاوردەی کاڵا بە نرخی فەرمی، ئەوا نرخی دۆلار لە بازاڕ دەگاتەوە نرخی فەرمی.