نەوتی هەرزانی رووسیا هەناردەی نەوتی سعودیەی دابەزاندووە
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ئاماری دەستپێشخەریی رێکخراوە هاوبەشەکان کە تایبەتە بە ئامارەکانی بواری وزە، لە مانگی ئایاردا و بەهۆی کاریگەریی زیادبوونی هەناردەی نەوتی هەرزانی رووسیاوە، هەناردەی نەوتی سعودیە بۆ نزمترین ئاستی 19 مانگی رابردوو دابەزیوە.
بەپێی ئامارەکە، لە مانگی ئایاردا هەناردەی نەوتی سعودیە بۆ شەش ملیۆن و 930 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دابەزیوە، ئەوەش نزمترین ئاستە لەدوای تشرینی یەکەمی ساڵی 2021ـەوە و بەراورد بە مانگی نیسانیش نزیکەی 5.3٪ دابەزیوە، کە لەو مانگەدا سعودیە حەوت ملیۆن و 320 هەزار بەرمیل نەوتی لە رۆژێکدا هەناردە کردبوو.
دامەزراوەکە دەشڵێت، بەراورد بە مانگی نیسان، لە مانگی ئایاردا بەرهەمهێنانی نەوتی سعودیە بە بڕی 502 هەزار بەرمیلی رۆژانە و بۆ 9 ملیۆن و 960 هەزار بەرمیل دابەزیوە.
لەو مانگەدا، پاڵاوگە نێوخۆییەکانی سعودیە دوو ملیۆن و 590 هەزار بەرمیل نەوتیان لە رۆژێکدا پاڵاوتووە، بەوەش پاڵاوتنی نەوت 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەمبووەتەوە. بەو هۆیەوە هەناردەی بەرهەمە نەوتییەکانی وڵاتە بە بڕی 174 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و بۆ ملیۆنێک و 370 هەزار بەرمیل کەمبووەتەوە لەسەر ئاستی رۆژانە.
کەمبوونەوەی هەناردە و بەرهەمهێنانی نەوتی سعودیە لەکاتێكدایە کە بەپێی سەرچاوە بازرگانی و پیشەسازییەکان، لە مانگی ئایاردا هەناردەی نەوتی رووسیا بۆ هیندستان گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی، ئەوەش کاریگەریی لەسەر هەناردەی نەوتی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ هیندستان داناوە.
بەپێی ئامارەکانی حکومەتی چین، هاوردەی نەوتی ئەو وڵاتەش لە رووسیاوە لە مانگی ئایاردا گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی نوێ.
هۆکاری سەرەکیی زیادبوونی هاوردەی نەوتی رووسیا لە لایەن هیندستان و چینەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەهۆی سزاکانەوە، نەوتی ئۆراڵی رووسی بە کەمتر لە نرخی نەوتی جیهان دەفرۆشرێت.
سەرەتای ئەم مانگە، سعودیە کەمکردنەوەی خۆبەخشانەی یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەی تاوەکو مانگی ئاب درێژکردەوە، کە ئامانج لێی بەرزکردنەوەی نرخی نەوتە.