پێنجەم بەشەئارد دابەش دەکرێت؛ تێکەڵەی گەنمی ئەمریکی و ئوسترالییە

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسێکی وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئەم هەفتەیە لە هەولێر و دهۆک و هەفتەی داهاتووش لە سلێمانی پێنجەم بەشەئاردی ئەمساڵ دابەش دەکرێت."
 
رۆژی دووشەممە 17-07-2023 نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پێشەسازیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دابەشکردنەکە بە دیاریکراوی رەنگە سبەی لە دهۆک و چوارشەممە لە هەولێر دەستپێبکات.
 
بە گوتەی نەوزاد شێخ کامیل، ئەو ئاردەی دابەش دەکرێت کوالێتیی باشە و تێکەڵی گەنمی کەرکووک، گەنمی هاوردەی ئەمریکی و ئوسترالییە. 
 
لادێ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری تەکنیکی بەڕێوەبەرایەتیی دروستکراوی دانەوێڵەی هەولێریش ئەمڕۆ دووشەممە بە رووداوی راگەیاند، "عێراق نووسراوی کردووە کە بە دوو هەنگاو، پێنجەم بەشە ئاردی ئەمساڵ دابەشبکەین؛ سەرەتا 50٪ـی گەنم وەردەگرین و دواتر 50٪ـی دووەم وەردەگرین. ئێستا دەستمان بە وەرگرتنی گەنم کردووە کە 10٪ هاوردەی ئەمریکی و 10٪ـی دیکە ئوسترالییە و ئەوەی دەمێنێتەوە لە کەرکووک دەیهێنین."
 
بەڕێوەبەری تەکنیکی بەڕێوەبەرایەتیی دروستکراوی دانەوێڵەی هەولێر گوتیشی، "رۆژی چوارشەممە دابەشکردنی پێنجەم بەشەئارد دەستپێدەکات و هەر هاووڵاتییەک نۆ کیلۆ ئاردی بەردەکەوێت."
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، دابەشکردنی چوارەم بەشەئاردی ئەمساڵ لە پارێزگای سلێمانی تەواو نەبووە. دوای تەواوبوونی، بڕیارە هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی پێنجەم بەشەئارد بکەن.