شارەزایەک: نرخی زیو هاوشێوەی زێڕ بەرزنابێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
شارەزایەکی زێڕ و دراوە دیجیتاڵییەکان دەڵێت، ئەم ساڵ نرخی زێڕ دەگاتە سێ هەزار و 500 دۆلار.
ئەحمەد قادر، شارەزای بازاڕە داراییەکان دەڵێت، دوای ئەوەی زێڕ بە زوویی ئاستی سێ هەزار دۆلاری شکاند، ئێستا پێشبینییەکان زیاتر بوون بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.
خراپیی ئابووریی ئەمریکا بەتایبەت و جیهان بەگشتی، نیگەرانیی زۆری لای بانکە ناوەندییەکان، بازرگانان و وەبەرهێنەران دروستکردووە، بۆیە روویان لە زێڕ کردووە.
ئەمە بە گوتەی ئەحمەد قادر کە بەشداری لە بووڵتەنی کاژێر 9:00ـی ئابووریی رووداو کرد کە محەممەد شێخ فاتیح، ئەمڕۆ دووشەممە 17-3-2025 پێشکێشی کرد.
پێشتر پێشبینبی دەکرا لە کۆتایی 2025ـدا زێڕ بگاتە سێ هەزار دۆلار، بەڵام لە سەرەتای ساڵەوە گەیشتە ئەو نرخە.
ئەحمەد قادر دەڵێت، بۆیە ئێستا پێشبینی دەکرێت تاوەکو کۆتایی ساڵ، ئۆنسەیەک زێر بگاتە سێ هەزار و 500 دۆلار.
ئەو شارەزایە دەڵێت، سیاسەتەکانی ترەمپ لە سەپاندنی پێناسی گومرگیش بەسەر بەشێک لە هاوبەشە بازرگانییەکانی ئەمریکا، بەرزبوونەوەی نرخی زێڕیان خێراترکرد. پێشیوایە، رەوشی ئابووریی ئەمریکا خراپتر بێت، ئەوەش بەپێی بانکە گەورەکانی جیهان. ئەمە وایکردووە کڕینی پشکەکان ئێستا کەمتر بێت، چونکە دۆخەکە ناڕوونە.
دەشڵێت، ئێستا لە بازاڕە داراییەکاندا زۆرترین پارە لە پشکەکانەوە دەبرێتە دەرەوە، چونکە خەڵک ترسیان لە کۆمپانیاکان هەیە. لەبری ئەوەش، سەرمایەکە دەخەنە نێو زێڕ، نەوت و دراوە دیجیتاڵییەکان.
بڕیارە چوارشەممەی ئەم هەفتەیە بانکی ناوەندیی بڕیاری نوێی خۆی لەبارەی رێژەی سوودەوە رابگەیێنێت. پێشبینیی زۆرینەی وەبەرهێنەران ئەوەیە رێژەکە لە 4.50٪ـەوە وەک خۆی بهێڵێتەوە. ئەحمەد قادر دەڵێت، دۆخی ناڕوونی ئابووریی ئەمریکا ئەو پێشبینییە بەهێزتر دەکات کە ئەمریکا ئێستا ناتوانێت رێژەی سوود کەمبکاتەوە.
ئەحمەد قادر دەڵێت، خەڵکێکی زۆر ئێستا دەکەونە "داوی زیوەوە"، بەوپێیەی وا دەزانن هاوشێوەی زێڕ بەرزدەبێتەوە.
ئەو شارەزایە پێیوایە، راستە زیو کانزایەکی هاوشێوەی زێڕە و زۆربەی کات لەگەڵ زێڕدا نرخەکەی بەرزدەبێتەوە، بەڵام دۆخی ناڕوونی ئێستای ئابووری وا دەکات زیو هاوشێوەی زێڕ بەرزنەبێتەوە، بەوپێیەی زۆرترین بەکارهێنانی زیو لە سێکتەری پیشەسازییە. بۆیە بە خراپبوونی رەوشی ئابووری، خواست لەسەر زیویش کەمدەبێتەوە کە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر نرخەکەی دەبێت.
رۆژی 6ـی ئەم مانگە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا یەدەگی ستراتیژیی بیتکۆینی دامەزراند. ئەحمەد قادر دەڵێت، مەرج نییە ئەمە نرخی بیتکۆین و دراوە دیجیتاڵییەکان بەرزبکاتەوە.
ئەو شارەزایە نموونە بە ساڵی 1975 دەهێنێتەوە کە ئەمریکا هەمان یەدەگی بە نەوت دروستکرد، بەڵام نەبووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.
ئێستاش زۆر کەس خەریکە هەمان هەڵە دەکەن، بە گوتەی ئەو شارەزایە؛ دەشڵێت، نرخی بیتکۆین پێشبینیی دابەزینی زیاتری لێدەکرێت، بەڵام بڕیارەکەی ترەمپ دەبێتە هۆی زیادبوونی خواست لەسەر دراوە دیجیتاڵییەکان و بیتکۆین.