هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا رۆژانە 83 هەزار بەرمیل کەمبووەتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

بەپێی دوایین ئاماری ئەمریکا، لە هەفتەی رابردوودا هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا لە رۆژێکدا 83 هەزار بەرمیل کەمبووەتەوە.
 
رۆژی یەکشەممە، 17-3-2024، ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا لە راپۆرتی نەوتیی هەفتانەیدا رایگەیاند، هەفتەی رابردوو، 8 گەورە دابینکاری نەوت، رۆژانە 4 ملیۆن و 691 هەزار بەرمیل نەوتیان هەناردەی ئەمریکا کردووە.
 
وەک ئیدارەکە دەڵێت، ئەو بڕە بەراورد بە هەفتەی پێشتر، ملیۆنێک و 920 هەزار بەرمیل نەوت کەمبووەتەوە کە ئەوکات وڵاتان رۆژانە 5 ملیۆن و 783 هەزار بەرمیل نەوتیان هەناردەی ئەمریکا کردبوو.
 
لەبارەی نەوتی عێراقیشەوە ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا دەڵێت، لە هەفتەی رابردوودا عێراق رۆژانە بە تێكڕا 93 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی ئەمریکا کردووە.
 
ئەمە لەکاتێکدایە هەفتەی پێشتر عێراق رۆژانە 176 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی ئەمریکا کردبوو. بەم پێیەش، لە هەفتەی رابردوودا هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا بە بڕی 83 هەزار بەرمیل نەوت کەمبووەتەوە.
 
لە هەفتەی رابردوودا کەنەدا گەورەترین هەناردەکاری نەوت بووە بۆ ئەمریکا و، بە تێكڕا رۆژانە 3 ملیۆن و 458 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی ئەو وڵاتە کردووە؛ دوای ئەویش مەکسیک بە 303 هەزار بەرمیلی رۆژانە، دووەم گەورەترین هەناردەکاری نەوت بووە بۆ ئەمریکا.
 
ئەمریکا  گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لەسەر ئاستی جیهاندا و لە ساڵی رابردوودا رۆژانە 13 ملیۆن و 300 هەزار بەرمیلی بەرهەمهێناوە.
 
هاوکات، ئەمریکا گەورەترین بەکاربەری نەوتیشە و رۆژانە زیاتر لە 20 ملیۆن بەرمیل نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان بەکاردەهێنێت.