بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار لە هەولێر جێگیرە و لە سلێمانی دابەزیوە

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار لە هەولێر جێگیر بووە و لە سلێمانیش دابەزیوە. ئاڵوگۆڕکارێکی دراو لە سلێمانی دەڵێت، دۆلار کەمە، بەڵام کەمیی خواست لەسەری وایکردووە بەهای دینار زۆر دانەبەزێت.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16.11.2023 رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا، 100 دۆلار بە 158 هەزار و 250 دینار مامەڵەی پێوەکراوە.
 
رەوەز میرزا دەڵێت، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، بەهای دینار لە بازاڕی دۆلارەکە لە دابەزیندا بووە و 100 دۆلار گەیشتەوە 160 هەزار دینار، بەڵام لەکاتی داخستنی بازاڕدا 100 دۆلار بە 159 هەزار دینار مامەڵەی پێوەکرا.
 
بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاریداوە، لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە لە سەرجەم مامەڵە بازرگانییەکانی نێوخۆ، دینار لەبری دۆلار بەکاربهێنرێت.
 
ئەو ئاڵوگۆڕکارەی بازاڕی دۆلارەکە دەڵێت، بەهۆی ئەو بڕیارەوە، تاڕادەیەک خواست لەسەر دیناری عێراقی هەیە، بەڵام هێشتا بەشێکیشیان خواستیان هەر لەسەر دۆلارە، چونکە متمانەی تەواویان بە بانکی ناوەندیی عێراق نییە.
 
رەوەز میرزا باس لەوەش دەکات، ئێستا دۆلار لە بازاڕ کەمە، بەڵام خواست لەسەری زۆر نییە، ئەوەش هۆکارە کە سەرەڕای کەمیی دۆلار، بەهای دینار زۆر دانەبەزێت.
 
بە گوتەی ئاڵوگۆڕکارەکە، دۆخی سیاسیی عێراقیش بەهۆی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵییەوە لەبارەی لێسەندنەوەی مافی پەرلەمانتاری لە محەممەد حەلبووسی، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر بازاڕ هەبووە.
 
ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق 221 ملیۆن و 425 هەزار و 343 دۆلاری خستە بازاڕەوە؛ لەو بڕە 210 ملیۆن و 775 هەزار و 343 دۆلاری بە شێوەی حەواڵە و، 10 ملیۆن و 650 هەزار دۆلاریشی بەشێوەی کاش بووە.
 
هاوکات، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ لە کاتی کردنەوە و داخستنی بازاڕدا 100 دۆلار بە 158 هەزار و 850 دینار بووە و گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتووە.
 
حاجی سابیر دەڵێت، هەرچەندە لەکاتی کردنەوە و داخستنی بازاڕدا 100 دۆلار بە هەمان نرخ بووە، بەڵام لە مامەڵەکانی رۆژدا بەهای دینار لە دابەزین بووە و ئەمڕۆ لە 100 دۆلار گەیشتووەتە 159 هەزار و 750 دینار.
 
وەک ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر دەڵێت، "دۆخی سیاسیی عێراق، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر بەهای دینار هەیە و، ئەگەر دۆخەکە باشتر نەبێت، ئەگەری دابەزینی بەهای دینار هەیە و بەپێچەوانەشەوە".
 
حاجی سابیر دەشڵێت، "خەڵک تاڕادەیەک ئومێدێکی بە دینار هەیە. بەڵام دۆخە سیاسییەکە رێگرە لە بەرزبوونەوەی".

 

زیاتر لە ساڵێکە بانکی ناوەندیی عێراق چەندین رێکاری گرتووەتەبەر بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دینار، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ بەهای دینار لە نزمیدایە.
 
بانکی ناوەندیی عێراق رۆژانی دەوام نزیکەی 200 ملیۆن دۆلار بە نرخی فەرمی دەفرۆشێت و 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار دەفرۆشێت، بەڵام زۆرینەی پارەکەی بۆ حەواڵەیە و نایەتە نێو بازاڕەکانی کوردستان و عێراقەوە.