محەممەد کایا: دەکرێت قەبارەی بازرگانیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق بگاتە 30 ملیار دۆلار
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی ئامەد دەڵێت، ئەگەر بازرگانی بابەتی سەرەکی گفتوگۆکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ تورکیا بێت، ئەوا زۆر بە ئاسانی قەبارەی بازرگانیان دەتوانێ بگاتە 30 ملیار دۆلار.
محەممەد کایا، سەرۆکی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی ئامەد ئەمڕۆ چوارشەممە 16ـی تشرینی یەکەم میوانی گەشتی کاژێر 09:00ـی هەواڵە ئابوورییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو بوو و باسی گرنگی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنقەرە و کۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کرد.
محەممەد کایا گوتی، لە ساڵی 2014 کاتێك پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بەردەوام بوو، قەبارەی هەناردەیان بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق 14 ملیار دۆلار بوو و دوای تێپەڕبوونی 10 ساڵ جارێکی دیکە تازە گەیشتووەتەوە ئەو ئاستەی جاران.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، "جهختيان له برهودان به پهيوهندييهكانى توركيا لهگهڵ عێراق و ههرێمى كوردستان، بهتايبهتى له بوارى ئابووريدا كردهوه. لهمبارهيهوه چۆنيهتيى بهرزكردنهوهى ئاستى ئاڵوگۆڕى بازرگانى و دهرفهتهكانى كار و وهبهرهێنان و سهرمايهگوزاريى توركييان له ناوچه جياكانى عێراق و ههرێمى كوردستان، تاوتوێ كرد."
محەممەد کایا پێیوایە ئەگەر پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بێتە ئاراوە و لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا ئاشتی بەرقەرار بێت، ئابووری گەشە دەکات و قەبارەی بازرگانییان زیاتر دەبێت.
کایا بە بایەخەوە باسی لە گرنگی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقی کرد لەگەڵ تورکیا و ئاماژەی بەودا، لە گفتوگۆکان و لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ تورکیا زیاتر گفتوگۆ لەسەر بابەتە ئەمنییەکان دەکرێت، بەڵام ئەگەر بازرگانی میحوەری گفتوگۆکان بێت، ئەوا لەگەڵ عێراق و بەتایبەتیش لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا قەبارەی بازرگانیان زۆر بە ئاسانی دەتوانێت بگاتە ئاستی 30 ملیار دۆلار.