رووسیا هەوڵدەدات بۆریی گازی چین جێگەی نۆرد ستریم دوو بگرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
رووسیا دەڵێت، بۆریی گواستنەوەی گاز لە رووسیاوە بۆ چین شوێنی بۆریی نۆرد ستریم دوو دەگرێتەوە کە گازی رووسیا بە ئەوروپا دەگەیێنێت. ئەوەش لەکاتێکدایە کە لەدوای جەنگی ئۆکرایناوە، نۆرد ستریم دوو پێش دەستبەکاربوونی، لە کارەکانی وەستێندرا.
رۆژی پێنجشەممە، 15ـی ئەیلوولی 2022 ئەلێکساندەر نۆڤاک، وەزیری وزەی رووسیا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا رووسیا جێگەی نۆرد ستریم دوو بە هێڵی ئەیژن فۆرس سایبیریا دوو پڕدەکاتەوە، لە وەڵامدا گوتی "بەڵێ."
پێشتریش لە هەمان رۆژدا، لە کاتی سەردانەکەی بۆ ئۆزبەکستان و بەشداریکردنی لە لووتکەی سەمەرقەنددا، وەزیرە رووسییەکە گوتی کە رووسیا و چین "لە ماوەیەکی کورتدا" رێککەوتنێک بۆ گەیاندنی 50 ملیار مەتر سێجای ساڵانە لەگەڵ چین واژۆ دەکات. ئاماژەی بەوەشکرد کە گازەکە لە رێگەی بۆریی ئەیژن فۆرس 2ـی سایبیریاوە دەگوازرێتەوە.
ئەو قەبارەیەش بە نزیکەیی دەگاتە قەبارەی ئەو گازەی پێش جەنگی ئۆکراینا بە بۆریی نۆرد ستریم یەکدا دەڕۆیشتە ئەوروپا کە 55 ملیار مەتر سێجایە. ناردنی گاز لە رێگەی بۆریی نۆرد ستریم یەک لە 2ـی ئەیلوولی ئەمساڵ لەلایەن کۆمپانیای گازپرۆمی رووسییەوە راگیرا. هۆکارەکەشی بۆ کێشەیەک لە تۆرباینەکانیدا گەڕاندەوە. بڕیاربوو یەکەمجار راگیرانەکەی بۆ سێ رۆژ بێت، بەڵام تاوەکو ئێستا نەکراوەتەوە.
بۆریی گازی فۆرس سایبیریا 2 لە رێگەی مەنگۆلیاوە، سووتەمەنیی رووسیا بە چین دەگەیێنێت. بڕیاریشە لە ساڵی 2024 دا کارکردن تێیدا دەستپێبکات، بەوەش وەکو رووسیا دەڵێت جێگەی بۆریی نۆرد ستریم 2 دەگرێتەوە کە لە دوای تەواوبوونی، بەهۆی جەنگی ئۆکراینا و لەژێر گوشاری واشنتن و وڵاتانی رۆژئاوا، سووتەمەنیی پێیدا نەگوازرایەوە ئەوروپا.
نۆڤاک لەو بارەیەوە دەڵێت، هەنارەی گازی رووسیا بۆ وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا لە ساڵی 2020دا بە قەبارەی 50 ملیار مەتر سێجا دادەبەزێت. هاوکات، باسی لەوەشکرد، گازپرۆم، کە بەرپرسیشە لە هێڵی گازی فۆرس سایبێریا یەک کە گازی رووسیا بە باکووری رۆژهەڵاتی چین دەگەیێنێت، هەناردەکەی زیاددەکات تاوەکو دەگاتە 20 ملیار مەتر سێجای گاز لە ساڵێکدا.
پێکەوەبەستنی کێڵگەی کۆڤیتکا لە نزیک دەریاچەی بایکالی باشووری رووسیا لەگەڵ چین لە سەرەتای ساڵی 2023دا هەناردەی گازی رووسیا بۆ چین زیاتر دەکات. تاوەکو ساڵی 2025ـیش، کاتێک هەناردەکەی دەگاتە ئەوپەڕی، هێڵی بۆرییەکە 61 ملیار مەتر سێجای گاز لە ساڵێکدا هەناردە دەکات. ئەوەش زیاترە لە نۆرد ستریم یەک. هاوکات، بڕیارە 38 ملیار مەتر سێجای ئەو گازە بچێتە چین، ئەوەش لەژێر چەتری رێککەوتنێکی ساڵی 2014ـی نێوان گازپرۆم و کۆمپانیای CNPCـی چینی.
رۆژی پێنجشەممەش، وەزارەتی وزەی رووسیا رایگەیاند، هەردوولا رێککەوتنێکیان واژۆکردووە بۆ ئەوەی رێگەیەکی نوێی گواستنەوە لە شاری ڤلادیڤۆستۆکی رۆژهەڵاتی رووسیا کە هاوسنوورە لەگەڵ چین؛ دروستبکەن کە 10 ملیار مەتر سێجای گازی ساڵانە بۆ چین دەگوازێتەوە.